چوارچێوەی هەماهەنگی بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات

لۆگۆی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی
لۆگۆی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 – هەولێر:

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا، بە چەند لیستێک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەمە (3ـی ئابی 2023)، لە رایگەیاندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، لە نووسینەگه‌ی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن.

لە رایگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، دوای هەڵبژاردن تەواوی ئەو لیستانە هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن و دەبنەوە یەک لیست.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان راگەیاند، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رژدن و داواکارن تەواوی خەڵک بەشداری بکەن.

بڕیارە لەڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی 6ـی ئابی دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.