کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: 21 هاوپەیمانی بۆ یەکەمینجار بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو پارت و هاوپەیمانیانەی لە یەکی تەمموزەوە خۆیان تۆمار کردووە 294 پارت و 31 هاوپەیمانین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، جومانە غەللای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، تا ئێستا 294 پارت و 31 هاوپەیمانی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، 21 هاوپەیمانی بۆ یەکەمینجار بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و ئەوانەی دیکەش پێشتر بەشداریان کردووە.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکراشی کرد، 65 پارتی دیکە لە قۆناغی خۆتۆمارکردن دان.

بڕیارە لەڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی 6ـی ئابی دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.