ئەکبەر حەیدەر: کورد بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردن نەکات، ژمارەی کورسییەکانی لە پارێزگای دیالە کەم دەکات
K24 – هەولێر:
بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان رادەگەیەنێت، لەپێناو بەرژەوەندی کورد ئامادەن بە لیستی هاوبەش بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، دەشڵێت: ئەگەر کورد بە لیستی جیا بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکات لەو بڕوایەدام کورسیەکانمان کەم بکات.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی زۆر جار ئامادە بووە قوربانی بدات لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی خۆی، هەروەها تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک دروستنەکراوە بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لایەنە کوردییەکان بە لیستی جیا بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
ئاماژەی بەوەشدا، حزبی شیوعی ئامادەن بۆ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام تا ئیستا یەکێتی هیچ دەستپیشخەرییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشداری بکەن.
بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، روونیکردەوە، پێشتر وەک کورد سێ کورسیان هەبووە لە ئەنجوومەنی پاریزگای دیالە، یەک کورسی پارتی و دوو کورسی یەکێتی.
دەشڵێت: ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە لیستی جیا بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەو بڕوایەدام کورسییەکانی کورد کەم دەکات.
لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، ئەکبەر حەیدەر، گوتی: ئامادەین لەگەڵ یەکێتی لیستی هاوبەش دروستبکەین، ئامانجمان ئەوەیە کە دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت.
گوتیشی: لە پارێزگای دیالە کورد نزیکەی 100 هەزار دەنگی هەیە.
لە پارێزگای دیالە نزیکەی ملیۆنەک و 200 هەزار دەنگدەر هەیە، لەم هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەرجەم لایەنەکان بۆ 15 کورسی ئەچنە ململانێ و کوردیش نزیکەی 100 هەزار دەنی هەیە لەو پارێزگایە.
بڕیارە لەڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی 6ـی ئابی دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.
هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.
لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.