ناڤاڵنی سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
K24 – هەولێر:
ئەلێکس ناڤاڵنی، ئۆپۆزسیۆنی رووسی کە لە بارودۆخێکی سەختدا سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بە تاوانی "توندڕەوی"، لە میانی دانیشتنێکی داخراودا، سزای 19 ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
دادگای رووسیا ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بە تۆمەتی توندڕەوی بە 19 ساڵ زیندانی سزادا، هاوکات هەریەکە لە ئەمەریکا و بەریتانیا دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگای رووسیا راگەیاند و دادگایی کردنەکەیان بە پێشێلرکردنی مافی مرۆڤ و نا دادپەروەرانە ناوبرد.
بەشێک لە لایەنگرانی ناڤاڵنی چوونە شوێنی زیندانی تاوانکاری "کەی 6" لە شاری مێلیخۆڤۆ کە 250 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، کە ناڤاڵنی لەوێدا بەندکرابوو، هاوکات دادگایکردنەکەشی لەوێ بەڕێوەچوبوو بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە دەرەوە وەستان.
ناوبراو لە سەرەتای ساڵی 2021 لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ رووسیا زیندانی کرا، دوای ئەوەی کردەیەکی ژەهراویکردن رزگاری بوو کە کارەکەی گەڕاندەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا و رایگەیاند، کە بە فەرمانی پوتن ئەو کارەیان کردووە.
ناڤاڵنی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023دا لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا کە بە تۆڵەی سیاسیی زانیبوو، سزای نۆ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ناڤاڵنی زۆرجار کە دەخرایە ژووری تاکەکەسی رووبەڕووی کێشەی تەندروستی دەبووەوە، لە پەیامێکدا کە لەلایەن هاوکارە نزیکەکانییەوە لە ئینتەرنێت بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، چاوەڕوانی "سزایەکی درێژخایەن و ستالینیستی" دەکات.
ئەلێکس ناڤاڵنی کە بە لێکۆڵینەوەکانی لە گەندەڵی رژێمی پوتن و ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئەنجامی دابوو ناسرابوو، هەروەها تۆمەتبارە بە دامەزراندنی "رێکخراوێکی توندڕەو".
کرملین ناڤاڵنی بە تاوانبار دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لێپێچینەوەکانی دژی ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە.
ئەو چالاکوانە تەمەن 47 ساڵە دەبێت لە کۆمەڵگەیەکی دەستبەسەرکردنی "رژێمی تایبەت" زیندانی کراوە، کە یەکێکە لە زیندانە بەناوبانگەکانی رووسیا بۆ مەترسیدارترین تاوانباران و ئەو کەسانەی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.