پێشمه‌رگه وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ده‌داته‌وه
له راگه‌يه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقى دايه‌وه و رايگه‌ياند، له‌و ناوچانه پاشه‌كشێ ناكه‌ين كه له ماوه‌ى رابردوودا رزگارمان كردوون.
K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌يه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقى دايه‌وه و رايگه‌ياند، له‌و ناوچانه پاشه‌كشێ ناكه‌ين كه له ماوه‌ى رابردوودا رزگارمان كردوون.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ئاشكرايكردووه، ته‌نيا له شارى موسڵ پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن دواى ئه‌وه‌ى رزگار كرا له ده‌ستى داعش.
دوێنێ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه و تێيدا ژماره‌يه‌ك خاڵى سه‌باره‌ت يادداشتى لێكتێگه‌يشتنى نێوان هه‌ولێر و واشنتن خستووته‌ڕوو.
به گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى، له رێككه‌وتنه پرۆتۆكۆلييه‌كه‌ى نێوان هه‌رێم و ئه‌مريكادا هاتووه، هێزى پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ديكه له دواى رزگاركردنى ناوچه‌كانى چوارچێوه‌ى پرۆسه سه‌ربازييه‌كانى نه‌ينه‌وا، ده‌كشێنه‌وه.
ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه
روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە
لە 22ـی تەممووزی 2016 وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بە دەستكارییەوە بڵاوكردووەتەوە و هێزی پێشمەرگەی وەك هێزێك پێشان داوە كە لەبەرامبەر هاوكاریی ماددی و بە مۆڵەتی ئەوان بەشداری شەڕ دەبێت و بە مۆڵەتی ئەوانیش پاشەكشە دەكات بە تایبەت لە بڕگەی پاشەكشە وای باسكردووە كە: " لە بەرواری كاراكردنی یادداشتەكەدا هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكەی هەرێم بەپێی خشتەیەكی زەمەنی كە حكومەتی عێراقی دایدەنێ لە ناوچە ئازادكراوەكانی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا پاشەكشە دەكەن".
كە راستییەكەی بەمشێوەیە:"لەبەرواری جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە بە دوواوە، کشانەوەی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی ئازاد دەکرێن لەهەڵمەتەکانی داهاتوی نەینەوادا بە گوێرەی نەخشەیەکی کاتی دیاریکراو دەبێ کە هەردوولا (حکومەتی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستان) لەسەری رێکدەکەون و بەشێوەیەکی رێکوپێک پاش ئەوەی ئارامی دەگەرێتەوە بۆ ئەم ناوچانە". ئەم بڕگەیە بە هیچ شێوەیەك بەو مانایە نییە كە پێشمەرگە لەو شوێنانە پاشەكشە دەكات كە لەم دوو ساڵەدا رزگاری كردووە و پاشەكشەكردنەكە تەنیا شاری موسڵ دەگرێتەوە.
راشیدەگەیێنین كە یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەمەریكایش بەڵێنی فراوانكردنی هاوكاریی دارایی و پشتیوانی ئاسمانی و دابینكردنی چەك و كەلوپەلی پزشكی و سووتەمەنی و خۆراك لە یادداشتەكەدا بە هێزی پێشمەرگە داوە. ئێمە سوپاسی بەشداریی ئەمەریكا لەشەڕی داعش و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە دەكەین. لەگەڵئەوەیشدا هێزی پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە بێ ئەوەی هیچ لایەنێك هاوكاریی دارایی كردبێت شەڕی پاراستنی بەها و خاك و خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كردووە و شەڕی تیرۆر پڕەنسپیپێكی نەگۆڕی ئێمەیە و بەشێكە لە سیاسەتی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان كە خاوەن قەزییەكی ڕەواییە و پەیوەست نییە بە هاوكاریی دارایی هیچ لایەك.
لە لایەكی ترەوە ئامادەبوونی پێشمەرگە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ شتێك نییە تازە بێت و بە یادداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاریی دارایی بەسترابێتەوە. ساڵێك زیاترە هێزی پێشمەرگە ئامادەی ئەو شەڕەیە بەڵام هێزە عێراقییەكان ئامادە نەبوونە. چەند جاریش سەرۆك بارزانی جەختی لە ئامادەبوونی پێشمەرگە كردووەتەوە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ.
هەروەها چەند مانگ بەر لە یادداشتی لێكتێگەییشتن لەپێناو ئامادەكاری بۆ شەڕی موسڵ هەرێمی كوردستان ڕێگەی بە هێزە عێراقییەكان داوە لە مەخموور جێگیر ببن و ئەوەیش هەر هەمووی لەپێناو شەڕی تیرۆریستان و لەناوبردنیان. دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و باری قورسی شەڕ و بوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی و دواكردنی هاوكاریی دارایی بۆ هێزی پێشمەرگە چڕ كردەوە و سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین كە بە پیر ئەو داوایای هەرێم هاتووە.
بە هەموو لایەكیش ڕادەگەیێنین كە تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێ نییە، تفەنگی پێشمەرگە تەنیا بە بڕیاری گەل و لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان تەقە دەكات و مۆڵەت لە كەسی تر وەرناگرێت و ئەگەر چەند كەسێك لە بەغدا وا ئەزانن تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێیە و بە مەرج و مۆڵەتی ئەوان یان كەسی ترە، ئەوە بە هەڵەدا چوونە و هەر كاتێكیش هەست كرا مامەڵەی نابەجێ لەگەڵ قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەدا دەكرێت ئەوە پێشمەرگە سەرجەم هەماهەنگی و كارە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕادەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە
23ـی 7ـی 2016