وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژکرایەوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر:

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بۆ سبەینێ دووشەممە، درێژکردەوە.

ئەو وادەیەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکردبوو، بڕیار بوو ئەمڕۆ کۆتایی بێت، بەڵام هەر بە بڕیاری کۆمسیۆن وادەکە بۆ سبەی دووشەممە درێژکرایەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تا ئێستا نزیکەی 300 حزب و 31 هاوپەیمانێتی خۆیان تۆمارکردووە.

لەوبارەیەوە، عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 31 هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون و پێشبینی دەکەن ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان بۆ نزیکەی 40 بەرزببێتەوە.

ئەمە دووەم جارە وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان درێژ بکرێتەوە، کە یەکەمجار بڕیار بوو لە 30ـی تەمووز کۆتایی بێت، بەڵام کۆمسیۆن لەپێناو بەشداری زیاتری لایەنەکان ماوەی هەفتەیەک درێژیکردەوە.

بڕیارە 18ی کانووی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.