مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: پێویستە هەڵبژاردنی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق بە پێویستی دەزانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە 25 شوبات ساڵی داهاتوو بکرێت و دوانەخرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.
رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان. دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، "کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان" بووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، "پێویستە" هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و دوا نەخرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 3ـی ئەم مانگە، رۆزی کەیڤ، کونسۆڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە میانەی پەیامێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیاندنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (25ـی شوباتی 2024) دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەریتانیا بەردەوام داوایکردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەکی ئازاد، دادپەروەرانە و بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجامبدرێت.
هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتووە، ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو مافە ڕەواکانی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان نيشانداوە.
هەو لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆز کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواستووە. هاوکات هەموو پشتگیریی و هاریکارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دەربڕی.
ڕۆزی کەیڤ، کونسولی گشتیی بەریتانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2023، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مايك برايسن ريچاردسن، باڵيۆزى پێشووی بهريتانيا له عێراق باسیان لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.
لە بواری ئابووریدا؛ وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵیداوە سەرنجی بازرگانانی بیانی و ئەوروپی بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشێت تا کۆمپانیا بازرگانیەکانیان لە هەرێم زیاتر بکەن. بە گوێرەی ئاماری تۆماری کۆمپانیاکان، ساڵی رابردوو سێ هەزار و 314 کۆماپانیای بیانی لە هەرێم تۆمارکرابوون، لەنێویدا ژمارەی کۆمپانیا بەریتانییەکان 148 کۆمپانیا بووە.
بەرپرسانی بەریتانیا چەندین جار پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ بەرنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە. رۆژی 15ـی ئایاری 2023، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە گوتارێکدا رایگەیاند، پشتیوانی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا گرنگە.
کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدا لەبواری بە دیجیتاڵکردن و چاکسازی دارایی دەبن. گوتیشی: "ئێمە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعشین و هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەین و هاوکاری چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەبین".