کوردستان24 دەچێتە ماڵی یەکێک لە قوتابییە یەکەمەکانی دووزخورماتوو
K24 – کەرکووک:
دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی دواقۆناغی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە، قوتابییەکی کورد لە دووزخورماتوو کە لە دۆخێکی ژیانی قورسدایە دەبێتە یەکێک لە یەکەمەکانی ناوچەکەی.
عەلی ئەحمەد رەحیم کە قوتابی 12ـی ئامادەیی بوو لە قوتابخانەی ئامادەیی نەورۆزی کوڕان لە بەشی زانستی توانی بە کۆنمرەی 95.14 دەربچێت و یەکێک بێت لە یەکەمەکانی دووزخورماتوو لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی.
پەیامنێری کوردستان24 چووە ماڵی ئەو قوتابییە لە دووزخوورماتوو، عەلی ئەحمەد رەحیم گوتی، ھەرچەندە باری ژیانیان کەمێک قورس بووە و کەمدەرامەت بوون بەڵام ئەمە رێگرنەبوو لە ھەوڵ و کۆششەکانی بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لەیەکەمەکانی سەر ئاستی قەزاکە.
رۆژی هەینی (11ـی ئابی 2023) ئەنجامی کۆتایی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی دواقۆناغی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە راگەیەندرا.
لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە بەشی زانستی هەریەکە لە سامان محەممەد رەزا، لە ئامادەیی رۆشنبیرانی کوڕان و سانا محەممەد ئەحمەد، لە دواناوەندی هۆزانی کچان توانیان بە کۆنمری 99.43 پلەی یەکەم بەدەستبهێنن.