پێشبینی دەکرێت هاوردەی ئێران بۆ عێراق لەمساڵدا بگاتە 12 ملیار دۆلار

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەرێوبەرایەتی ژووی بازرگانی ئێران و عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ  قەبارەی هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی بشکێنێت و بگاتە 12 ملیار دۆلار.

ئەمڕۆ هەینی (11ـی ئابی 2023)، حەمید حوسێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوبەرایەتی ژووی بازرگانی ئێران و عێراق، رایگەیاند، پێشبینی دەکەن  هاوردەی ئێران بۆ عێراق ئەمسال بگاتە 12 ملیار دۆلار و ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت.

ئاشکراشی دەکات، سەرەڕای ئەوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو هاوردەکردنی ئێران بۆ عێراق لە %7.97 دابەزیبوو، بەڵام لە ئێستدا هاوردەکردن قەبارەی هاوردەکردن زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوردەی ئێران بۆ عێراق لە 2022 گەیشتە دوو ملیار و 398 ملیۆن دۆلار، هاوینی ئەمساڵیش گەیشتە دوو ملیار و 927 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی داتاکانی گومرگەکانی ئێران، بازرگانی نانەوتی نێوان ئەو و وڵاتە و عێراق لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 35 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

پێشتریش حه‌جه‌توڵڵا عه‌بدولمه‌لكی، راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری ئێران و ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ناوچه‌ ئازاده‌كانی ئێران، رایگەیاندبوو بەشێوەیەکی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەراورد بە ساڵی رابردوودا نزیکەی %20 گەشەی کردووە، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان سەرجەم کاڵاکانی لەخۆگرتبوو، بە هەناردەکردنی خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیشەوە.

عێراق لە دوای چین بە دووەم گرنگترین وڵات هەژمار دەکرێ کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە داهاتووشدا عێراق لە رێگەی کردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوانیان زیاتر دەکەن.