مووچەی ژمارەیەک وەزارەتی دیکە دابەش دەکرێت
K24 - هەولێر
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مووچەی ژمارەیەک وەزارەتی دیکە دابەش دەکرێت و رۆژی سێشەممەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران کۆتایی دێت.
لە خشتەی وەزارەتی دارایی هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 13/8/2023، مووچەی وەزارەتەکانی پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری راشیگەیاندووە، سبەی دووشەممە مووچەی خانەنشینی شارستانی دابەش دەکرێت.
وەک لە خشتەی وەزارەتی دارایی هاتووە، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 15/8/2023 مووچەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی شارەوانی، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
بەهۆی نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراق، دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکەوت، پاش دواکەوتنیش وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 598 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد، بەڵام ئەو بڕە کەمە بەراورد بە ژمارەی مووچەخۆران و ئەو بڕە پارەی کە پێویستە، بۆیە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی راسپارد دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن و ئەو کورتهێنانەیە هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە پڕ بکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 3/8/2023، لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.
