رێبوار تاڵەبانی: پێویستە سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی 140 کورد بێت

K24 - هەولێر

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان بە پێویستی دەزانێت سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی 140 کورد بێت و دەڵێت، لیژنەکە خۆی گومانی لەسەرە، "چونکە 27 ئەندامی هەیە، نازانم ئەو 27 کەسە کێ دەستنیشانیکردوون و لەسەر چ بنەمایەک دەستنیشانکراون؟".

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بە ئامادەبوونی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. 

لەوبارەوە رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، رایگەیاند، "لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 خۆی جێگەی گومانە و پرسیاری لەسەرە، چونکە 27 ئەندامی هەیە. لیژنە چۆن دەبێت 27 کەسی هەبێت؟ لە 15 پارێزگای عێراقی 27 کەسیان داناوە، ئەگەر لەسەر بنەمای ژمارەی پارێزگاکانیش بووایە، ئەو ژمارەیە زۆرە و نازانم ئەم کەسانە لەسەر چ بنەمایەک دەستنیشانکراون؟".

رێبوار تاڵەبانی بە پێویستی دەزانێت "سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی 140 و سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عێراق هەردووکیان کوردبن" و دەڵێت، "ئەمە چوار خولە کەسێکی دیکەی نەتەوەیەکی جیاواز بە سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی 140 دادەنێن، نازانم کورد گرنگیی بە ماددەی 140 نادەت یان ئەوان بە ئەنقەسد کورد بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانناکەن؟".

رێبوار تاڵەبانی داوا لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات کار بۆ دەستنیشانکردنی کوردێک بۆ پۆستی سەرۆکی لیژنەکە بکەن و ئاماژە بەوە دەدات، "لایەنە عێراقییەکان دەڵێن، ماددەی 140 هەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان نییە، بەڵکوو کێشە لە نێوان ناوچە سووننە و شیعەکانیش هەیە و بەو بیانوویە ئەو پۆستە بە کورد نادەن. بۆیە هیوادارم بەرپرسانی کورد جارێکی دیکە بەو بیانوویە هەڵنەخەڵەتێن و دەبێت ئەمە یەکەم داواکارییان بێت".

رێبوار تاڵەبانی: دەبێت لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشووی عێراق بکرێت

لەبارەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێبوار تاڵەبانی دەڵێت، "پێویستە سەرۆکانی پێشووی لیژنەی باڵای ماددەی 140، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووتری عێراقیش بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن و پرسیاریان لێ بکرێت، بۆ هیچتان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە و کەمتەرخەمییەکە لەلایەن چ لایەنێکەوە بووە؟".

ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەخنە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کارنامەی کابینەکەیدا بە 13 خاڵ باسی لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووە، کەچی تا ئێستا یەک هەنگاویشی بۆ ئەم مەبەستە نەناوە. ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەڵێن بە کورد دەدەن، بەڵام دواتر هیچی جێبەجێ ناکەن".

"دەبێت یەکەم کاری لیژنەکە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بێت"

وەکو ئەوەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، "پێویستە یەکەم کاری لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140، ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بە دۆخێکی نایاسایی، ناتەندروست و نادەستووریی تێپەڕدەبن. ئەگەر لیژنەکە دەسەڵاتی ئەمەی نەبێت، واتا دەسەڵاتی هیچی نییە و ناتوانێت هیچ بکات".

دوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان، بە گوتەی رێبوار تاڵەبانی، پێویستە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەردەمی بەعسی پێشوو بکرێت. دوای ئەوەش سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان بکرێت و کار بۆ دەستنیشانکردنی سنوورەکان بکرێت، کە لە ماددەی 140ـی دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە.

بە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێویستە لیژنەکە لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو قۆناغەکانی ماددەی 140 جێبەجێبکات و وردەکاریی جێبەجێکردنی قۆناغەکان بۆ هاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاشکرابکات، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "دەبووایە لە 31ـی 7ـی  2007 سەرجەم قۆناغبەندییەکانی ماددەی 140 جێبەجیێبکرانە".

لیژنەی باڵای ماددەی 140ـی دەستووری عێراق

لیژنەی باڵای ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە 27 ئەندام پێکدێت. لە ساڵی 2008 و لەسەردەمی کابینەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، هادی عامری، وەک سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەستنیشانکرا. هەرچەندە لە هەمان ساڵ و بۆ ماوەی چەند مانگێک لیژنەکە دەستی بە کارەکانی کرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام کارەکانی وەستان و ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە نەناوە.

کارنامەی کابینەی سوودانی و جێبەجێکردنی ماددەی 140

ماددەی 140ـی دەستووری عێراق سێ قۆناخی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە دیاریکردووە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی پێشوو دووچاری گۆڕانکاری دیمۆگرافی بوونە و هەنگاوەکان بریتین لە ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە ئاخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەمێننەوە یان دێنە پاڵ هەرێمی کوردستان و لە دەستووردا ساڵی 2007 وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە دیاریکراوە.

بەپێی ماددەی 140 ـی دەستووری عێراق، ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقە تەواوی ئەم ماددەیە جێبەجێ بکات و قۆناخەکانی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و لەکۆتاییشدا گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی خواستی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

بە گوێرەى کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێوشوێنەکانى تایبەت بە رێککەوتنى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى لە نێوان هێزەکانى فیدڕاڵى و پێشمەرگە تەواو دەکرێن و بەڵێندراوە کە لە ماوەى مانگێک دواى پێکهێنانى حکومەت، لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى عێراق پێکدەهێندرێتەوە و قەرەبووى ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ماددەى 140 دەیانگرێتەوە.

دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و نووسراوەکەی عامری

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە سنووری پارێزگای كەركووك و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد و بەشێك لە جووتیارانی توركمانیش بە پاڵپشتیی هێزە سەپێندراوەكان لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بۆ بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان بە هاوكاریی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و دادگاكان گرێبەستی كشتوكاڵیی زەویی جووتیارانی كورد بۆ عەرەبە هاوردەكان نوێ دەكرێتەوە.

رۆژی دووشەممە هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە نووسراوێکدا کە  ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق کرد، نووسیبووی: ''دەمانەوێت ڕوونی كەینەوە، بە بڕیاری 29ی ساڵی 2012 كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەركراوە، سەرجەم بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری بەناو باکوور هەڵوەشاوەتەوە سەبارەت بە كوژاندنەوەی مافی بەكارهێنانی زەویی كشتوكاڵیی جووتیاران كە هی عەرەبەكان نییە و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگای كەركووك و دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ پێش بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باکوور و جەخت لەوە دەکەینەوە، یاسای ژمارە 29ی ساڵی 2012 تاوەکو ئێستا بەركارە و نابێ گرێبەستی زەویی كشتوكاڵی نوێ بكرێتەوە.''


Fly Erbil Advertisment