پۆلیسی ئه‌ڵمانیا زانیاری نوێ له باره‌ی تهقهرهكهی میونشن بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆبێرت هایمبۆرگر، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانه‌كان له هه‌رێمی باڤاریا رایگه‌یاند، عه‌لی سونبولی، كه هه‌ینی رابردوو نۆ كه‌سی كوشت، ساڵێك پێشتر پیلانی بۆ كاره‌كه‌ی داناوه.
رۆبێرت هایمبۆرگر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له كامێرا تایبه‌ته‌كه‌ی سونبولی، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی دۆزراوه‌ته‌وه و تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت، سونبولی سه‌ردانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كردووه كه له ساڵی 2009 له شاری ویندنی ئه‌ڵمانیا، هێرشێكی چه‌كداری تێدا ئه‌نجامدرا و به كامێراكه‌ی ناو قوتابخانه‌كه‌ی وێنه‌گرتووه.
له باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی چه‌ك له‌لایه‌ن سونبولی، ئه‌و به‌رپرسی پۆلیس رایگه‌یاند، سونبولی له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، دهمانهچهیهكی جۆری گلۆك 17ی له كۆماری چیكه‌وه كڕیوه و له هاوینی رابردووه‌وه به ته‌واوییش خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه ئاماده‌كردووه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له ناو كۆمپیوته‌ره تایبه‌تییه‌كه‌ی هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ی تایبه‌ت به رووداوه‌كه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ورده‌كاری و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه بكات و دووپاتیشی كرده‌وه، لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه به‌رده‌وامه.