دیار بەحری: لە کابینەی نۆیەمدا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆک جێبەجێکراون
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دهۆک، رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی چەند گەڕەکێکی شاری دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێێ لە داخوازیەککانی خەڵک گرت، هاوکات دەشڵێت: پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبێت، هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆک جێبەجێکراون.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دهۆک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەتی تەرخانکرد بۆ جێبەجێکردنی زۆترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆک، پڕۆسەکە بە شێوەکەی هەمیشەیی بەردەوام دەبێت.
هاوکات راشیگەیاند، ئەمرۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی چەند گەڕەکێکی شاری دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵک گرت و بڕیاریدا هەرچی زووە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی چوار ساڵە لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبێت و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئامادەکردنی چەندین تەندەر بۆ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بێن دەست بە پڕۆژەکانیان بکەن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لەم ماوەیەدا زیاتر لە 170 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە، نەک لەبەر ئەوەی شارێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا و جیهانێ، بەڵکوو شارێکە بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و زۆر قارەمان لە زاخۆ هەڵساون و خەڵکێکی زۆر خۆی کردووەتە قوربانی و ئەم دەڤەرە شەهیدێکی زۆری داوە، زۆرێک لەوانەی شەهید بوون، دەمناسین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لێرە نین. ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەچەمێنین، کە ئەمە هەمووی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانیانە و لە سایەی ئەوان، جێبەجێکراوە".
لەلایەکی دیکەوە گۆهدار شێخۆ، سهرپهرشتیاری ئیدارهی سهربهخۆی زاخۆ لەمیانەی گوتارێکیدا لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال، رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی پیرۆز و مێژووییە بۆ دەڤەرێکی گرنگ لەسەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، دەڤەرێکی کوردپەروەر و شەهیدپەروەر.
سهرپهرشتیاری ئیدارهی سهربهخۆی زاخۆ ئەوەشی خستەڕوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کارنامەیەکی رێکوپێکی داڕشتووە و لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیەدا خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی کردووە.