مەسعود باتێلی: لە رۆژێکدا 30 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەرانەوە دەگوازرێنەوە هەولێر

"لە خولەکێکدا کاروباری 55 زیارەتکار تەواو دەکرێت"

دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - ئەرشیف
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - ئەرشیف

K24 - چۆمان

سەرپەرشتیاری دەروازی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن راگەیاند، 55 خاڵی راییکردنی مامەڵەی پاسپۆرتیان لە دەروازەکە ئامادەکردووە و لە رۆژێکدا 30 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەرانەوە دەگوازرێنەوە هەولێر.

مەسعود باتێلی سەرپەرشتیاری دەروازی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە کوردستان24ی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە، بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی، کە بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن".

گوتیشی: "لە سنوورەکەمان، چوار وێسگەمان داناوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، لە حاجی ئۆمەرانەوە تا دەگەنە هەولێر، دەتوانم بڵێم تەواوی ئامادەکارییەکانمان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران تەواو بووە".

مەسعود باتێلی، راشیگەیاند: "لە خولەکێکدا مامەڵەی 55 پاسپۆرتی زیارەتکاران رایی دەکرێت، هەروەها زیاترەتکاران بە دوو قۆناغ دەگوازینەوە، لە قۆناغی یەکەمدا لە حاجی ئۆمەران بۆ هەولێر، قۆناغی دووەم لە هەولێرەوە بۆ ئەلحوسێنیەی بەغدا، بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانیش 1500 کۆستەر و 400 راف-مان ئامادەکردووە کە توانای گواستنەوەی 30 هەزار زیارەتکاریان هەیە لەیەک رۆژدا لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر، هەروەها لە هەولێرەوە بۆ بەغدا رۆژانە دەتوانین 50 هەزار کەس بگوازینەوە".

سەرپەرشتیاری دەروازی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێیان راگەیاندراوە، ئەمساڵ 500 هەزار زیارەتکار لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چلەی ئیمام حوسێن بچنە کەربەلا.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی لە 18ی ئەم مانگەوە دەست پێدەکات تا 6/9/2023 بەردەوام دەبێت.

ساڵانە، ژمارەیەکی زۆری شیعە مەزھەب لە ناوچەکانی دیکەوە بە پیادەڕوو دەکەنە شاری کەربەلا باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بکەن، بەشێک لەو زیارەتکارانەش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا.

پێشتر عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو: "پێشبینی دەکەین، ئەمساڵ سێ تا پێنج ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازە سنوورییەکانی زرباتییە، شەلامجە، مونزەرییە، شیب، سەفوان سەردانی عێراق بکەن.