سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ تویتێكدا: پێگەیاندنی مرۆڤ، بنەما و بناغەی ئاوەدانییه‌

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌بۆنه‌ی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان، تویتێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ تویته‌كه‌یدا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت: "پێگەیاندنی مرۆڤ و تواناكانی، بنەما و بناغەی هەموو ئاوەدانی و پێشكەوتنەكانی دیكەیە".

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان، پیرۆزبایی لە قوتابییەکان کرد و هیوایخواست لە هەموو قۆناغەکانی داهاتووی ژیان، بەختەوەر و سەرکەوتوو بن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێورەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند: "دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەم کە سەرکەوتووانە ئەم قۆناغەی خوێندنتان تەواو کرد".

مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی مامۆستایان و دەربڕینی پێزانین بۆیان، گوتی: "مامۆستایان داینەمۆی ئەو گۆڕانکاریانە دەبن، کە ئێمە بەنیازین لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێیان بکەین".