وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
K24 - هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان تاوتوێ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن و بن فەرحان باسیان لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا و سوودان و یەمەن کردووە.
رووبەرووبونەوەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خیرا، پێی نایە مانگی پێنجەمەوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ چارەسەرێکی سیاسی هێشتا وەستاون، ئەمەش وایکردووە زۆر کەس هۆشداری بدەن لە مەترسی درێژکردنەوەی جەنگ لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکان و ئاگربەست.
لەلایەکی دیکەوە، بەدیھاتنی ئاشتی لە یەمەن، بەزۆر دۆسییەی مرۆیی و ئابورییەوە پەیوەستە، كە بەدرێژای جەنگی یەمەن، خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان لایەنە بەشەڕھاتووەكان بوون، چاودێران هۆکاری شکستخواردنی هەوڵەکانی ئاشتی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لایەنە ناکۆکەکان سازش بۆ یەکتری ناکەن، چونکە دەترسن پاش جەنگەکە، سازشکردنەکە دەسەڵاتیان کەم بکاتەوە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سوپاسی سعوودیەی کردووە بۆ میوانداریکردنی لوتکەی ئۆکرانیا بۆ ئاشتی و کۆکردنەوەی زیاتر لە 40 وڵات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
پەیوەندییەکەی بلینکن و بن فەرحان لەکاتێکدایە 17 ی ئەم مانگە، ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سعوودیەی کرد و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ریاز کۆبووەوە.