فیلمێک لەسەر شۆڕشی ژینا بەرهەم هێنرا
K24 - هەولێر:
کورتە فیلمی "دەنگهەڵات" ئەزموونێکی نوێی فریا یونس و هەوار فارسە و لەسەر شۆڕشی ژینا ئەمینی بەرهەم هێنراوە.
فریا یونس، سیناریۆی فیلمەکەی نووسیوە و کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لەوبارەیەوە تایبەت بە کوردستان24ـی گوتی: ئەم فیلمە چیرۆکی دوو قوربانی شۆڕشی ژینا دەگێڕێتەوە، کە لە کاتی شۆڕشەکەدا، دەیانەوێت سروودێک بۆ شۆڕشگێڕان بنووسن، بەڵام دەستگیر دەکرێن و لە زیندان، ئەشکەنجە دەدرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، دوای ماوەیەک دەتوانن لە ئێران بێنەدەر و سروودەکەیان لە وڵاتێکی دیکە بنووسن.
راشیگەیاند، فیلمەکە لە نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان نیکوان قادری، دڵنیا وەیسی، ئەمیر سڕاجەدین، دڵنیا لوتفی و هاوار فارسە و بە سپۆسنەری رێکخراوی "پێشڕەوانی بڕوا" بەرهەمەم هاتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، محمەممەد ساڵح کەریم، کرمانج هۆشیار و هۆرین یونس یاریدەدەری دەرهێنەری فیلمەکەن، کە میوزیکی نیکوان قادری و ئاریا ئەحمەدیە و گوتیشی: بەمزووانە، پرۆمۆی فیلمەکە بڵاو دەکرێتەوە.
کچە کورد (ژینا ئەمینی)، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 بە پاساوی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستگیر کرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوام بوون.