دامەزراوەیەکی ئەمەریکی: هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوی فرەچەشنکردنی ئابوورییە
K24 - هەولێر:
دامەزراوەیەکی ئەمەریکی سەبارەت بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، ئێستا لەسەر رێڕەوی فرەچەشنکردنی ئابوورییە.
دامەزراوەی (Atlantic Council of United States) لە راپۆرتێکدا کە لە وێبسایتی فەرمی دامەزراوەکە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دهكات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەندین رێگە هەوڵی بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانی داوە، لەوانە (بەدیجیتاڵکردنی فەرمانگەکانی حکومەت، چاکسازی ئیداری، پەرەپێدانی کشتوکاڵی، پێشخستنی سیستەمی بانکی).
سەبارەت بە بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابووری، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پەرەپێدانی ئابووریەکی بەهێز پێویستی بە چەندین فاکتەری وابەستە بە یەکتر هەیە، کە بەپێی دۆخی وڵاتەکە فاکتەرەکانیش دەگۆڕێن.
وەک لە راپۆرتی ئەو دامەزراوە ئەمەریکییەدا ئاماژەی پێدراوە، حکومەتی هەرێم لەو ناوچانەدا وەبەرهێنانی کردووە کە حکومەتە خۆجێییەکان بەرپرسیارێتییان وەرگرتووە.
دوایین پرۆژەی گەشتیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال بوو لە زاخۆ کە ئەم هەفتەیە لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، گەشەسەندنی ئابووری و خۆشگوزەرانی، پێویستی بە بازاڕێکی کراوە هەیە، تێیدا کێبڕکێی ئازاد و دادپەروەرانە بەرەوپێش بچێت و بەربەستەکان کەم بکرێنەوە و گۆڕەپانێکی یەکسان بۆ گەشەپێدانی بازرگانییەکان مسۆگەر بکرێت.
ئەو دامەزراوە ئەمەریکییە لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و دەستڕاگەیشتنی هەمووانە بە دەرفەتەکان، لەم پێناوەشدا چەندین دەستپێشخەری هەبووە، بە نموونە، دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ بزنسە بچووکەکان و گەنجانی خاوەنکار لەگەڵ دامەزراندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری کە یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆیە بۆ دامەزراندنی داهێنەر و ئەکادیمییەکان بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاسانکاریی و زەمینەسازی دەبێت بۆ پڕۆژە و پێشنیازەکانیان.
(Atlantic Council of United States) ئەوەی خستووەتەڕوو، کە حکومەتی هەرێم دانی بەوەدا ناوە کەموکورتی لە سیستەمی داراییدا هەیە. بۆیە بە ستانداردکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەوڵیداوە کەموکورتییەکانی سیستەمەکە بنەبڕ بکات.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە بەهێزکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، 14ـی 6ی ئەمساڵ لە رێوڕەسمی کردنەوەی بانکی جیهان رایگەیاند، سیستەمی بانکی کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری کوردستانە و، نابێت بانک تەنیا شوێنی حەواڵەکردنی پارە بێت. گوتیشی: ئێمە لەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەوەی کە بتوانین ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین.
دامەزراوەی (Atlantic Council of United States)، دامەرزاوەیەکی ئەمەریکییە لە بواری کاروباری نێودەوڵەتیدا و ساڵی 1961 دامەزراوە و ئێستا 16 ناوەندی ناوچەیی و بەرنامەی کارایی پەیوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و خۆشگوزەرانی ئابووری جیهانی بەڕێوەدەبات.