مۆسكۆ.. نووسه‌رێكى كورد كۆچی دواییكرد

دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، پیر كه‌ره‌م ره‌ش نوسه‌ری به‌ناوبانگی كورد له‌ روسیا، له‌ ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

K24 – مۆسكۆ:

دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، پیر كه‌ره‌م ره‌ش نوسه‌ری به‌ناوبانگی كورد له‌ روسیا، له‌ ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

كه‌ره‌م ره‌ش به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین نوسه‌ر و مێژوونوسه‌كانی كورد داده‌نرێت له‌ روسیا و وڵاتانی كۆنی سۆڤیه‌ت.

ئه‌و یه‌كێك بوو له‌ سكرتێره‌كانی یه‌كێتی نوسه‌رانی روسیا و خاوه‌نی چه‌ندین په‌رتووك و نوسینه‌ له‌ سه‌ر كورد و  مێژووی روسیا.

هه‌روه‌ها له‌ ئه‌كاديمياى هه‌واڵگرى روسيا مامۆستا بووه‌ و ئاواتى بووه‌ سه‌ردانى كوردستان بكات، به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌وه‌ى مامۆستاى ئه‌و ئه‌كاديميايه‌ بووه‌، رێگه‌ى سه‌ردانى ده‌ره‌وه‌ى پێنه‌دراوه‌.

 كه‌ره‌م ره‌ش له‌ 2ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1936 له ‌گوندێكی كوردی به‌ناوی ئاكۆ له‌ئه‌رمه‌نستان هاتووه‌ته ‌دونیاوه‌، له‌ساڵی 1963 كۆلێژی رۆژنامه‌وانی له‌زانكۆی لینینگراد ته‌واوكردووه‌.

ماوه‌ی 15 ساڵ له‌سیبیریا ژیاوه‌ و كاری كردووه‌،  له‌ساڵی 1977 هاتووه‌ته ‌شاری مۆسكۆ سه‌رقاڵی كاری ئه‌ده‌بی و نوسین و مامۆستایی بووه‌ له ‌ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و ئه‌منی.

دواجار له‌ شاری مۆسكۆ له‌  24ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2016 بۆ یه‌كجاری ماڵئاوایی كرد  و واش بڕیاره‌ له‌ شاری مۆسكۆ به‌خاك بسپێردرێت.