کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرا
K24 - هەولێر:
رۆژنامەنووس و دیپلۆماتکار، مارک سترۆ وەک کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، دەستنیشان کرا و ئەمڕۆ لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکار بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، مارک سترۆ کە پێشتر پیشەی رۆژنامەنووس بووە، وەک کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەستنیشان کرا و ئەرکەکەی ماوەی ساڵێک دەخایەنێت.
کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، پێشتر لە شارەکانی بەسرە و حلـە لە عێراق کاری کردووە و ماوەیەک کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا بووە لە کاراچی پاکستان.

رۆژی 17ـی ئابی 2023، ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ماڵئاوایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، توانیویانە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا قووڵتر و فراوانتر بکەن.
گۆڕانکاری لە پۆستی کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روودەدات و هەر کونسوڵێک ماوەی ساڵێك لە ئەرکەکەیدا دەمێنێتەوە.