دوو گوللـە تۆپ لە گوندی گوهەرزێی سنووری ئامێدی کەوتەخوارەوە
K24 – دهۆک:
دوو گوللـە تۆپ لە گوندی گوهەرزێ لە سنووری ناحییەی دێرەلووکی قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (20ـی ئابی 2023) دوو گوللـە تۆپ لە گوندی گوهەرزێ کەوتەخوارەوە و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
هەروەها پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا نازاندرێت لەلایەن کێوە ئەو گوللـە تۆپانە ئاراستەکراوە.
ئەمە چەندین رووداوی هاوشێوەیە لەماوەی رابردوو لە گوندی گوهەرزێی سنووری ناحییەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی رووبدات و دوای ئەوەی رۆژی (13ـی ئابی 2023) گوللـەتۆپێک لەدووری نزیکەی 100 مەتر لە دووکان و خانووی هاووڵاتییان کەوتەخوارەوە و تەنیا زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیاند.
دووبارەبوونەوەی تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچەکە، ترس و دڵەڕاوکێی لەلایەن دانیشتووانی گوندەکە دروستکردووە و مەترسی لەسەر ژیانیان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەی خۆیان هەیە.
بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، وایکردووە سوپای تورکیا ماوە ماوە بۆردومانی ئەو ناوچانە بکات و وێڕای زیانی گیانی، زیانێکی زۆری ماددیشی بەر ناوچە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی ئەو ناوچانە کەوتووە.