نێچیرڤان بارزانی: داعش له‌ ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی سه‌ریهه‌ڵداوه‌

قوناعی دوای رزگاركردنی موسڵه‌ گرنگه‌

K24 – هه‌ولێر

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ قوناغی دوای رزگاركردنی شاری موسڵ رایگه‌یاند پێویسته‌ به‌رپرسانی به‌غدا بزانن كه‌ داعش له‌ناخی  كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ نه‌هاتووه‌.

نێچیرڤان بارزانی له‌ چاوپیكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا به‌شی فارسی رایگه‌یاند شكستی ته‌واوه‌تی داعش ته‌نیا به‌ رێگه‌ی سه‌ربازی ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌ گرتنه‌به‌ری رێگه‌چاره‌ی سیاسیشی هه‌یه‌.

بۆ زیاتر خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ته‌ وتی: "له‌وانه‌یه‌ پاش رزگاركردنی موسل، داعش ئیدی خاكێك له‌ عێراق‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌مابێت بۆ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌مێنێته‌وه‌ و ته‌نیا هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌گۆڕیت. ئێستا به‌ره‌یه‌ك له‌ دژی داعش هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وكات داعش شانه‌ی نهێنی پێك دێنێت و ڕوو ده‌كاته‌ شێوازی تری شه‌ڕ".

ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ

سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند دوو به‌ر‌به‌ست له‌به‌رده‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ن، كه‌ خودی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌شی هێشتا له‌ قوناغی پلاندانان دایه‌، سوپای عێراق پاش ئۆپه‌راسیۆنی فه‌لوجه‌ ده‌بوایه‌ ئاماده‌كاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بكردبا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ وه‌ك پێویست نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت.

كێشه‌ی تری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، نیگه‌رانییه‌كانی پاش رزگاركردنی شاره‌كه‌یه‌، كه‌ دووه‌مین شاری گه‌وره‌ی عێراقه‌ و پێویسته‌ پاش قوناغی رزگاری، بۆ چۆنییه‌تی به‌ڕیوه‌بردنی پلانێك هه‌بێت.

رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ گرنگ نرخاند، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستان بۆ گێرانی رۆڵی ده‌ستپێشخه‌ری خۆی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه‌ و به‌غداش له‌و رێككه‌وتنه‌ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌.

 ئاواره‌كانی موسڵ

نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌شێكی تری ئاماده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ ئاماژه‌ به‌ هاتنی شه‌پوڵیكی نویی ئاواره‌كان كرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ به‌ڕۆكی گرتووه‌، له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌كاری كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه و باس له‌و هه‌ماهه‌نگییه‌كه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و لایه‌نه‌كانی تر  گرتۆته‌به‌ر بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پیویست بۆ نیشته‌جێكردنی ئاواره‌كان.

ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا

سه‌باره‌ت به‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند كێشه‌كه‌ له‌ به‌غدایه‌ كه‌ بژارده‌ی ناوه‌ندگه‌رایی زاڵه‌ و له‌ مێشكیان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌، ده‌ستووری عێراق نه‌ك ته‌نیا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو پێشڵیش كراوه‌. كاتی كه‌ به‌هێزبوون، هه‌وڵیاندا  تانكه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بۆ كوردستان ره‌وانه‌ بكه‌ن. سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ئه‌و كاره‌ی كرد و به‌شه‌ی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی.

كوده‌تای سه‌ربازی توركیا

ده‌رباره‌ی كوده‌تا سه‌ربازی توركیا، نێچیرڤان بارزانی، خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لی توركیا پیشاندا، كه‌ له‌ مێژووی توركیادا هیچ كوده‌تایه‌ك له‌ به‌رژوه‌ندیی كوردا نه‌بووه‌، هه‌موویان زیانیان بۆ كورد هه‌بووه‌.

ئالۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سنوور

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران و كاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئێران و تۆمه‌تباركردنی سعودیا رایگه‌یاند ده‌نگۆیه‌كی بێ بنه‌مایه و سعودیا وه‌ك وڵاتانی تر كونسولخانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی پرۆتۆكۆله‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق، چالاكی دیپلۆماسی ئه‌نجام ده‌دات و هیچ بنكه‌یه‌كیشی بۆ راهێنانی كورده‌كانی ئێران نه‌كردۆته‌وه‌ و دووره‌ له‌ راستی.