پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لە دژى تیرۆریستان ئەنجامدا

هێزەکانی لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە
هێزەکانی لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 – هەولێر:

یەکەکانی لیوانی 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی لیوای 31ـی فرقەی هەشتی سوپای عێراق، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لە ناوچەی قەرەحەسەن-لەیلان ئەنجامدا.

رۆژی (21ـی ئابی 2023) لە راگەیەندراوێکدا کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە تێیدا هاتووە، "بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی زیاتر لە ناوچەکەدا، سەرلەبەیانی رۆژی 20ـی ئابی 2023، لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، لە ناوچەی قەرەحەسەن - لەیلان، ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا".

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئۆپراسیۆنەکە لە دوو قۆڵەوە بوو، قۆڵی یەکەم بە بەشداریی سەرجەم یەکەکانی لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بوو و گوندەکانی جەوەڵبۆر، چەمی زەنگەنە، قشڵاخی کۆن، خدربەگ و جوگرافیای سنوورەکەیان کێوماڵ کرد. هەروەها قۆڵی دووەم، هێزەکانی لیوای 31ـی فرقەی هەشتی سوپای عێراق لە بەنداوی شیرینەوە بە ئاراستەی بەرزاییەکانی جەوەڵبۆر، بەرەو رێگای سەرەکیی کەرکووک - سلێمانی، کێوماڵی ناوچەکەیان کرد.

ئۆپراسیۆنەکە، بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر بەردەوام بوو، تیایدا تەواوی ناوچەی دیاریکراو کێوماڵ کرا،  کە گومان دەکرا تیرۆریستانی داعش وەک راڕەوێک ئەو ناوچەیە بەکار بهێنن.

0
0
0
0