ڤیان سەبری: نابێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە پرسی دیکەوە ببەسترێتەوە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە حکومەتی ناوەند جێبەجێ کردووە، بەڵام حکومەتی ناوەند تا ئێستا پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، هاوکات گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیوە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی بەغدا، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتی زیاتر رادەست بکات و چاوەڕێی رێکاری بەغدا دەکات.
هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییکەی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، بەڵام حکومەتی عێراقە تا ئیستا پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیوە.
ڤیان سەبری، لەبارەی داهاتی نانەوتی ئاشکرایکرد، تا ئیستا رێککەوتن نەکراوە لەسەر داهاتی نانەوتی، "پرسی داهاتی نانەوتی لەلای ئێمە روونە، بەڵام لەلای حکومەتی عێراق روون نییە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، روونیکردەوە، لەسەر پرسی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێم ئامادەیە پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەسەر داهاتی نانەوتیش چاوەڕیی بەغداین رێکارێک دابنێت بۆ چۆنییەتی رادەستکردنی.
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڤیان سەبری گوتی: "دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەی شارەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت، نابێت پرسی مووچە بە بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە".
رۆژی 15ـی ئابی 2023، شاندی حكومهتی ههرێمی كوردستان و حكومهتی عێراق لهبارهی چهند پرسێكی تایبهت به بووجه و مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان كۆبوونهوه.
شڤان جهباری پهیامنێری كوردستان24 له بهغدا رایگهیاند، شاندی ههرێم دوایانكردووه مووچهی ههردوو مانگهكانی حهوت و ههشت بهیهكهوه بنێردرێت و پشكی ههرێمی كوردستان لهمانگی ههشتهوه هاوشێوهی عێراق رهوانه بكرێت.
لەمبارەوە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، بابەتی یاسای بودجە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت.
جەختیشی کردەوە: "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین".
ئاماژەی بەوەشدابوو "سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بڵاوکردەوە، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق خەرج نەکراوە.