بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نرخی نەوت دابەزی

K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێی بەندەری جەیهانەوە دابەزی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22/8/2023 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکەی 19 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەرمیلێکی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمەریکاش 19 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە وەزیری نەوتی عێراق دوێنێ دووشەممە سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کردووە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیدا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، لەبارەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراقەوە رایگەیاند "حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و دوو رۆژ دەمێنێتەوە".
باڵیۆزخانەکە سەبارەت بە مژارەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو لایەن دا دەڵێت، "بۆ تاوتوێکردنی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوئاهەنگییە لە بواری نەوت و گاز، جگە لە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لەرێی بەندەی جەیهانی تورکییەوە".
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان رەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی قەیرانی کەمیی دابینکردنی نەوتی خاوی دیکەش، کە بەهۆی درێژکردنەوەی رێکەوتنی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دروست بووە.
هاوکات رەشبینی بەرامبەر بە ئاسۆی ئابووری لە چین کە دووەم گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی جیهانە، گۆشاری خستووەتە سەر نرخەکان و نیگەرانییەکانی لەسەر خواستی سووتەمەنی زیاد کرد.
رۆژی 25ی مانگی ئاداری 2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهان لەدوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی راگرت.
بەر لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
برایان مارتین و دانیەل هەینس سەر بە بانکی نیوزلاندی ئۆسترالی ANZ، لە یاداشتێکدا بۆ کڕیارانی نەوت ئاماژە بەوە دەدەن، "نرخی نەوت نەیتوانیوە پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی بکات دوای ئەوەی کە ئەگەری زیادبوونی خستنەڕووی نەوت هاتووەتە ئاراوە."
لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە.
ئا: کاوار ساڵح