لێکۆڵەرێکی سیاسی: هەناردەی نەوتی کوردستان پێویستی بە رێکەوتنی سیاسی عێراق و تورکیا هەیە

بەندەری جەیهان - ئەرشیف
بەندەری جەیهان - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی عێراقی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە، پێویستی بە ڕێکەوتنی سیاسی عێراق و تورکیا هەیە.

ئەو لێکۆڵەرە سیاسییە لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆی کوردستان باسی لەوەکرد، بۆ هەناردەی نەوتی کوردستان کێشەی تەکنیکی لە نێوان  تورکیا و عێراق هەیە و بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، پێویستە عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی سیاسی بکەن.

رۆژی 25ی مانگی ئاداری 2023، لەدوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهان راگرت.

بەر لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق بکات و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

پرسەکانی ئەمنی - ئابووری - نەوت و ئاو گرنگترین ئەو تەوەرانەن کە هاکان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکات و زۆربەی دۆسیەکانیش پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

لە دوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەکەمجاری دەبێت سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری نەوت لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، نەوت یەکێکە لە پرسە گرنگەکان و، حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە لەگەڵ تورکیا لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن.

گوتیشی: ئەوەی بووەتە گرفت لەبەردەم پرۆسەکە، سکاڵای دووەمی عێراقە لەسەر تورکیا لە بارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.