پسپۆڕێکی دەستووری: ئەوەی بەغدا داوای دەکات پێچەوانەی دەستوورە

هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی دەستوور
هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی دەستوور

K24 - هەولێر:

یەکێک لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و داهاتی فیدراڵیە. حکوومەتی عێراق هەموو داهاتە نانەوتییەکان بە فیدراڵی دەبینێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆچوونی پێچەوانەیە. پسپۆڕێکی ئابووری رایدەگەیەنێت، ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵ رادەستکردنی تەواوی داهات هەیە. پسپۆرێکی دەستووریش دەڵێت، ئەوەی بەغدا داوای دەکات پێچەوانه‌ی دەستوورە.

هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی دەستوور، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەوەی دەچێتەوە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکانە، نەک هەرچی داهات لەناوخۆدا هەبێت بیگەڕێنیتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی، ئەی نامەرکەزی دارایی چۆن جێبەجێ دەکرێت لە دەوڵەتی عێراق".

هەروەها راشیگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و ئەوەی بەغدا داوای دەکات پێچەوانەی دەستوورە.

لەلایەن خۆیەوە، جیهانگیر گوڵپی ، پسپۆڕی دارایی گشتی و بودجە، گوتی: "ئەزموونی پێشوومان لەگەڵ بەغدا لەسەر ناردنی کۆی داهاتەکانی هەرێم بۆیان، ئەوان لە کۆی داهاتەکان %50یان بۆ نەگەڕاندینەوە"، لەبارەی دادگای فیدڕاڵیش ئاماژەی بەوەدا، "ناتوانین پشت بە دادگای فیدڕاڵی ببەستین، بەڵکو خۆی هێنراوەتە پێشەوەی بەرەی شەڕ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، خۆی بووتە دەستەی هێرشبەر بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

چاوەڕوان دەکرێت شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا داهاتە فیدراڵی و نا فیدراڵیەکان تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەبێت کە ئەمە یەکێکە لە بەربەستەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم مانگە و بۆ جاری یەکەم حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لەیاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە".

لەبارەی وادەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ خەرجکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق لە نێوان 18 بۆ 25ـی ئەم مانگە، پشکی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات".

رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023)، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، بە یاسا ئەم بابەتە رێکخراوە کە یاسای بودجەیە".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لیژنەیەکی باڵای چاودێری دارایی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و داتا و ژمارەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. رۆژی سێشه‌ممه‌ 8ـی ئابی 2023، لەگەڵ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە. دواتر سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان کرد.