شوان کەلاری: هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی کورد نایانەوێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی بۆ حکومەتی عێراق نەهێشتووەتەوە و بە تەواوی پابەندی رێککەوتن بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دوا راپۆڕتی دارایی حکومەتی هەرێم دراوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هیچ تێبینییەکی لەسەر نەبووە و تەواوی ژمارە و داتا‌کان خراونەتە بەردەستی چاودێری دارایی عێراق، گوتیشی: هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی کورد نایانەوێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاربوو دوێنێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەهۆی هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانەکەیان دواخرا، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە کە رۆژی هەینی سەردانی بەغدا بکەن.
هاوکات راشیگەیاند، دوا راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا هی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوەتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تا ئیستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر راپۆرتەکە نەبووە، دیوانی چاودێری عێراق داتاکانی هەرێمی کوردستانیان لەلا پەسەند بووە
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی بۆ حکومەتی عێراق نەهێشتووەتەوە و بە تەواوی پابەندی رێککەوتن بووە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، دەشڵێت: بەهەموو پێوەرێک و بە گوێرەی رێککەوتنەکان دەبێت بەغدا لە ماوەی ئەم هەفتەیە یانیش سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرەجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەگەر نەینێرن لە یەک دوو هەفتەی دیکە هەموو بابەتەکان روون دەبێتەوە کە حکومەتی عێراق نییەتی نییە بە یەک چاو سەیری فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق بکات.
شوان کەلاری، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، گرووپێک هەیە لەبەغدا دەیەوێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات، هەروەها هەندێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش نایانەوێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت، بەرژەوەندیان لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی هەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی عێراقە.
رۆژی دووشه‌ممه (21ـی ئابی 2023) شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی فیدڕاڵ جێبه‌جێ كردووه و جه‌ختیشیكرده‌وه، كه هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ بوودجه و مووچه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌نێرێت.
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ده‌رگایه‌كی بۆ پرسی وردبینی له داهاته‌كان بۆ دیوانی چاودێری دارایی عێراق واڵا كردووه.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سبه‌ی (سێشه‌ممه 22ـی ئابی 2023) هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له به‌غدا كۆده‌بێته‌وه، گوتیشی، بابه‌تی بوودجه و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌خه‌نه‌ڕوو، جه‌ختیشیكرده‌وه هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی سه‌ری جێبه‌جێ كردووه و هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدڕاڵی.
روونیشیكرده‌وه، بیانوویه‌كانی پێشووی حكومه‌تی فیدڕاڵ بریتی بوو له وردبینی داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ، كه دواتر كاری خۆیان كرد و راپۆرتی خۆیان له رۆژی سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ كردووه، به‌مه‌ش كۆتایی به پاساوه‌كانیان هاتووه.