قوربانییانی داڕمانی پردێکی شەمەندەفەر لە هیندستان بۆ 26 کەس بەرزبووەوە

K24 – هەولێر:

بەرپرسانی ویلایەتی میزۆرامی هیندستان رایانگەیاند، بەهۆی رووخانی پردێکی شەمەندەفەر 26 کەس گیانیان لەدەستدا.

بەرپرسانی ویلایەتی میزۆرامی هیندستان سەرەتا لە راگەیاندراوێکدا رایانگەیاند، بەهۆی رووخانی پردێکی شەمەندەفەر کە لەسەر لوتکەی دۆڵێک دروسدەکرێت، 17 کەس گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن، دواتر راگەیاندراوێکی دیکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەودا، ژمارەی قوربانییانی رووداوی داڕمانی پردی شەمەندەفەرەکە بۆ 26 کەس بەرزبووەوە.

نووسینگەی نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن دەستیانپێکردووە و هەموو هاوکارییەک پێشکەشی زیانبەرکەوتووەکان دەکرێت.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزرانی هیندستان سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کردووە و حکومەت بڕی نزیکەی 2 هەزار و 400 دۆلار دەداتە کەسوکاری کرێکارە مردووەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی 40 کرێکار لە درووستکردنی پردەکەدا کاریانکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی تەمموزی 2023)، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن زۆرامتانگ، سەرۆکوەزیرانی میزۆرامەوە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و دەرکەوتووە، کە چوارچێوەیەکی کانزایی لە ستوونە بەرزەکانی پردەکەوە کەوتۆتە خوارەوەی دۆڵەکە.

زۆرامتانگ گوتیشی: "ئەمڕۆ پردێکی شەمەندەفەر کە لە کاتی دروستکردندا بوو لە سایرانگ لە نزیک ئایزال داڕما، بەمهۆیەوە ژمارەیەک کرێکار گیانیان لەدەستدا".