کاروان ستوونی: پێنجشەممەی داهاتوو دوا وادەی یەکلاییکردنەوەی مامەڵەی حاجییانە
گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند: پێنجشەممەی داهاتوو، دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە. هۆشداریشی دا کە ئەم وادەیە درێژ ناکرێتەوە و ناوی یەدەگ دەخرێتە شوێنی هەر کەسێک کە دوا بکەوێت.
پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2027 دەرچووە و تا ئێستا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە.
گوتەبێژەکە دەڵێت: پێویستە هاووڵاتییان تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 5ـی تشرینی دووەمی 2026، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان.
ستوونی لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا بە روونی هۆشداری دا و گوتی: دوای ئەو وادەیەی دیاریی کراوە، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتەکە درێژ ناکرێتەوە و، هەر کەسێک لەو رێکەوتە دوابکەوێت، ناوی لە پرۆسەکە دەسڕدرێتەوە و راستەوخۆ کەسانی دیکە لە لیستی یەدەگ دەخرێنە شوێنیان.
کاروان ستوونی جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرجەم ناونووسکراوان ئەم ئاگادارییە بە هەند وەربگرن و لە ماوەی دیاریکراودا سەردانی نووسینگەکان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، چونکە دوای بەسەرچوونی وادەکە، بە پێی رێنمایییە بەرکارەکان مافی حەجکردنیان بۆ ساڵی 2027 لە دەست دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، ناوی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 بە تیروپشک دیاریی کرا. پرۆسەکە بە هەماهەنگیی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، کۆی ئەو کەسانەی بۆ حەجی 2027 ناویان هاتووەتەوە 5,120 کەسە، کە 2,400 کەسیان جێگرەوەن.