فراکسیۆنی پارتی: ئاڵا تاڵەبانی دەیەوێت سەرنجەکان لە تاوانە راستەقینەکانی دەوروبەری لابدات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی لێدوان و چەواشەکارییەکانی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، تەواوی تۆمەتەکانی بێبنەمان و رێکاری یاسایی لە بەرانبەری دەگرنەبەر، هاوکات جەخت دەکاتەوە رای گشتی باش دەزانێت کێ لە دەوروبەری ناوبراو فایلی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی دەرمان و نەوت بەڕێوەدەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاڵا تاڵەبانی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵێکی نزیک لە نەیارانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، "وەک پیشەی هەمیشەیی کۆمەڵێک درۆ، قسەی ناڕاست و چەواشەکاریی بەرانبەر هەرێمی کوردستان خستووەتە روو و درێژەی بەو هەڵمەتە راگەیاندنە ناڕەوایە داوە کە بەردەوام هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی دەکاتە ئامانج."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئێمە بە توندی سەرلەبەری ئەو تۆمەتە بێبنەمایانە رەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە کە گەلی کوردستان و عێراقیش زۆر لەوە هۆشیارترن بەم جۆرە چەواشەکارییانە فریو بخۆن."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کردووە "رای گشتی باش دەزانێت فایلی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی دەرمان و نەوت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کێ لە کەسە نزیکەکانی ناوبراو ئەنجامی دەدات، بۆیە دەیەوێت بەم دەنگە ناشیرین و قسە ناراستانە خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە و سەرنجەکان لەسەر تاوانە راستەقینەکانی دەوروبەری لابدات، کە ئەمەش درێژکراوەی ئەو ئەجێندا دژە کوردستانەیە لە کەناڵە گوماناوییەکانەوە بەرجەستە دەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم جۆرە دەنگ و کەسانە لای هاووڵاتییانی کوردستان نامۆ نین، لە مێژوودا چەندان لەم جۆرانە هەبوون کە بوونەتە ئامرازی جێبەجێکردنی پلانەکانی نەیارانی کوردستان، بەڵام لە کۆتاییدا هەر هەموویان مایەپووچ بوون و چوونەتە زبڵدانی مێژووەوە؛ لە بەرامبەریشدا ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان هەمیشە بەرزتر، سەرکەوتوو و تێکشکێنەری پیلانەکان بووە و دەمێنێتەوە."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە "لە بەرامبەر ئەم بوختان، تۆمەتبەخشینەوە و چەواشەکارییانەدا، هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە."