عه‌لی عه‌ونی: پارتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌رییه‌ بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانی راسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت

K24 - هەولێر:

كوردستان24 دیبه‌یتێكی له‌نێوان ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومی و حزبی و ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیانی سنووره‌كانی بادینان رێكخست بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ باسی گرنگی سه‌ردانییه‌ مه‌یدانییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن بۆ ئه‌و سنووره‌ و چاوپێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ چینوتوێژه‌ جیاجیاكانی ئه‌و سنووره‌ و گوێگرتن له‌ داواكاری و وه‌رگرتنی گله‌ییه‌كانیان.

عه‌لی عه‌ونی، به‌رپرسی لقی یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانیكردنی ناوچه‌كانی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانی سه‌رۆك بارزانییه‌ وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌پاڵ سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌ زۆره‌كانی دیكه‌یدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ره‌وشی جه‌ماوه‌ر و رێكخستنه‌كانی پارتی بێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی هێزێكی گه‌وره‌ و به‌رفراوانی جه‌ماوه‌رییه‌، بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانی راسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت، روونیشیكرده‌وه‌، كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ راپۆرته‌كان له‌باره‌ی هه‌ر سنوورێك به‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌گه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ وه‌ك پێویست نه‌بێ و وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌رۆك راسته‌وخۆ گوێی له‌ جه‌ماوه‌ر بێت و ئه‌وانیش قسه‌ی دڵی خۆیانی بۆ بكه‌ن و داواكارییه‌كانیان پێشكه‌شی بكه‌ن.

عه‌لی عه‌ونی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ سه‌ردانییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌شێكه له‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆنگره‌ی چوارده‌یه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت تا چ ئاستێك جێبه‌جێ كراوه‌ و گوێی له‌ كه‌موكوڕییه‌كان بێت له‌ سنووره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رۆك بارزانی تێبینی و داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانی یاداشت كردووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش نووسینگه‌كه‌ی به‌گه‌ڕ ده‌خات بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بكه‌ن.

فه‌هیم عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا سه‌رۆك بارزانی به‌رده‌وام سه‌ردانی سنووره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی سنووری بادینانی كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 1985 كه‌ هێشتا كورد له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕشدا بوو، سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی ناوچه‌ی نێروه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ كۆبووه‌وه‌ و گوێی له‌ داواكارییه‌كانیان راگرت.

گوتیشی، ئه‌و جۆره‌ سه‌ردانانه‌ی سه‌رۆك بارزانی سروشتین و بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كۆببێته‌وه‌ و گوێیان بۆ بگرێت. هه‌روه‌ها گوتی، سته‌م له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نیا وه‌ك سه‌رۆكی پارتی بزانرێت، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بێت و خه‌ڵكیش قسه‌ی دڵی خۆیانی بۆ بكه‌ن.

فه‌هیم عه‌بدوڵڵا باسی له‌وه‌ كرد، سه‌ردانییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كان پێویسته‌، چونكه‌ خه‌ڵكانێك هه‌یه‌ گله‌ییان هه‌یه‌ و هه‌یانه‌ هه‌ست به‌ نادادپه‌روه‌ری ده‌كات، یاخود میزاج و مامه‌ڵه‌ی به‌پرسێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی دیكه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، هه‌موو ئه‌وانه‌ش وا ده‌كات كه‌ سه‌رۆك راسته‌وخۆ بچێته‌ ناو جه‌ماوه‌ر و قسه‌یان بۆ بكات و قسه‌ی بۆ بكه‌ن.

داوود ئه‌ترووشی، سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك، رایگه‌یاند، سه‌ردانییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ گرنگ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانیش گرنگ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵك كۆببێته‌وه‌ و گوێی له‌ داواكاری و پێشنیاز و گله‌ییه‌كانیان بگرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكات.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، بوونی گله‌یی و سه‌رنج و تێبینی له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردن له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیا هه‌یه‌ و بابه‌تێكی ئاساییه‌. گوتیشی، ماكینه‌یه‌كی میدیایی له‌ ئارادایه‌ بۆ تێكدانی ده‌روونی هاووڵاتییان، هاوكات فشاره‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی تا دێت زیاتر ده‌بێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ژیانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا باری گرانی ئابووری هاووڵاتیان، هه‌مووی وایكردووه‌ گله‌ییه‌كان زیاتر بێت.