فوئاد حوسێن: مالیزیا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەی خۆی لەبەغدا بکاتەوە

K24 - هەولێر:
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مالیزیا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەی خۆی لەبەغدا بکاتەوە و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا مالیزییەکەی، زامبری عەبدولقادر رایگەیاند، دەیانەوێت وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی پێشکەوتوو سوود لە ئەزموونی سیاسی مالیزیا وەربگرن، چونکە دەستووری عێراقیش دەستوورێکی فیدراڵییە.
سەبارەت بە ڤیزای ئەو وڵاتە، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، ئەوەی پەیوەستە بە گرتنەبەری رێکارەکانی ڤیزا و کردنەوەی باڵیۆزخانە، مالیزیا بڕیاریداوە باڵیۆزخانەی خۆی لەعێراق بکاتەوە و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان بکات، گوتیشی: ئاماژەمان بەو هەلانە کرد کە ئابووری عێراق بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی دەڕەخسێنێت.
فوئاد حوسێن داوای لە کۆمپانیا مالیزییەکان کرد وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، وەک خۆی باسی دەکات، لە عێراق هەلی زۆر بۆ وەبەرهێنان هەیە، بەتایبەتی كه کۆمپانیا مالیزییەکان ئەزموونی زۆریان لە بواری نەوت و غاز و بوارەکانی دیکەش هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: عێراق وڵاتێکی نەوتییە و ئێمە هەوڵ بۆ فراوانکردنی بازاڕی نەوتمان دەدەین.
لەلای خۆیەوە، زامبری عەبدولقادر، وەزیری دەرەوەی مالیزیا خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق، دەبڕی و ئاماژەی بەوەدا، بەنیازن لە دوو هەفتەی داهاتوودا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا بکەنەوە.