وەزیری وزەی تورکیا: ئامانجمانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە هەموو بوارەکانی وزەدا چەندین پرۆژە جێبەجێ بکەین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا

K24 - هەولێر:

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی: ئەمڕۆ لە هەولێرین بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە بابەتە هەنوکەییەکان، بەتایبەتی هاریکاریی لە بواری وزەدا.

بایراکتار رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی وزەدا، چەندین پرۆژە جێبەجێ بکەن، هەر لە نەوتەوە تا غاز کە هاوکاربن بۆ ئاسایشی تورکیا.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.

پاش ئەوەی بایراکتار بەشداری لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیادا کر، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، باسی لە دیدارەکە کرد.

بایراکتار لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ لە هەولێرین بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارە بابەتە هەنوکەییەکان، بەتایبەتی هاریکاریی لە بواری وزەدا. ئامانجمان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا زۆر پرۆژە جێبەجێ بکەین لە هەموو بوارەکانی وزەدا، هەر لە نەوتەوە تا غاز کە هاوکاربن بۆ ئاسایشمان''.