پێشەوا هەورامانی: داوامان کردووە پشکی بەنزینی هەرێم بکرێتە ملیۆنێک لیتر

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی  کوردستان رایدەگەیەنێت، تورکیا نیەتی جددییە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەنیا لایەنی عێراقی ماوە کە رەزامەندی نیشان بدات، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەڵێت: حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێکردووە و دەبێت ئەوانیش پابەندی رێککەوتنەکان بن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، سەبارەت بە پشکی بەنزینی هەرێمیش گوتی: داوامان کردووە پشکی بەنزینی هەرێم بکرێتە ملیۆنێک لیتر.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەولێر، بە نێردراوی کوردستان24ـی راگەیاند، تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێم و تورکیا زۆرە.

هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە، تورکیاش نییەتی جددییە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە، هەرێم و تورکیا رەزامەندن لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا لایەنی عێراقی ماوە کە رەزامەندی نیشان بدات.

ئاماژەی بەوەشدا، دواخستنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت زیانی بۆ عیراق بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت، هەمووان بەدوای رێگەچارەیەک دەگەڕێن بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.

لەبارەی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی گوتی: نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی پرسی سیاسی بکرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکارە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بکرێت، بەڵام ئیاردەیەک هەیە لە دەرەوەی حکومەت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت هەیە.

گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەفتەیەک هاتنە هەرێمی کوردستان وردبینی تەواویان بۆ داتاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها شاندەکانی ئێمە کە چوونەتە بەغدا رێککەوتنیان کردووە، ئەوەی پێویست بووبێت لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کراوە، هاوکات ئێمە داوامانکردوە چارەنووسی ملەتێک نەکرێتە قوربانی کێشە سیاسییەکان، ئێستا لەو رۆژەدایەن دەبوو بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە.

گوتەبێژی حکومەت باسی لەوەشکرد، سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، روونیکردەوە، ئەگەر دەستووری عێراق بکرێتە بنەما بۆ یاسای نەوت و گاز هیچ لایەنێک بە ستەملێکراوی لەم پرسە نایەتە دەرەوە.

پێشەوا هەورامانی، دەڵێت: داوامانکردووە سینارییۆی یاسای بودجە لە یاسای نەوت و گاز دووبارە نەبێتەوە.

سەبارەت بە پرسی بەنزین، گوتەبێژی حکومەت جەختی ئاماژەی بەوەدا، لەسەر پرسی بەنزین داوامان کردووە پشکی هەرێم لە 700 هەزار لیترەوە بکرێتە یەک ملیۆن لیتر، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین هەبێت و هەروەها ئەو بڕە پێویستە هەبێت کە بەشی هاووڵاتییان بکات.

Fly Erbil Advertisment