گۆڕان داوا دهكات لایهنهكان بهرپرسیارانه مامهڵه لهگهڵ رهوشی ئێستای كوردستان بكهن
بزووتنهوهی گۆڕان له یادی بهشداریكردنی له ههڵبژاردن پهیامێك بڵاودهكاتهوه
K24 - ههولێر:
بزووتنهوهی گۆڕان، له حهوتهم ساڵیادی بهشداریكردنی له ههڵبژاردنهكانی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی بڵاوكردهوه و له بهشێكی پهیامهكهدا، ئاماژه بهوه دهكات، بهرنامه و پهیامی سیاسی بزووتنهوهكه، چۆن له پێناو خۆشگوزهرانی و مافهكانی خهڵك بووه، ئاوا بۆ بهدیهێنانی ئامانجه نهتهوهییهكانی گهلی كورد و مافی چارهی خۆنووسین بووه.
له بهشێكی دیكهی پهیامهكهدا هاتووه: "ئەمرۆ کوردستانو ناوچەکە لەبەردەم پێشهاتو ئاڵنگاری گەورەدایە. ئەمەش وامان لێدەکات داوا بکەین هەمو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا بکەن".
دەقی پەیامەکە
هاونیشتیمانیانی کوردستان
گۆڕانخوازانی ماندونەناس
حەوت ساڵ لەمەوبەرو لە (2009/7/25) بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی یەکەم بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستانی عیراقدا کرد. بزوتنەوەی گۆڕان لەو هەلومەرجە دژوار و ئاڵۆزەدا خەباتی مەدەنی هەڵبژارد و توانی لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ببێ بە هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستان و ناوچەکە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەو رۆژەوە وەک بەرگریکاری بەرژەوەندی هاوڵاتیان و هێزێکی پەرۆش بۆ دوارۆژێکی ئاسودە بۆ نەوەکانی داهاتومان چەندین پەیام و پاکێجی چاکسازی وەک بەرنامەی سیاسی خۆی راگەیاند. ئەزمونی ئۆپۆزیسیۆن بون و ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە شێوازی تری سیستمی حوکمرانی و ململانێی سیاسی و پشتیوانیکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە داواکردنی مافەکانیان و چەسپاندنی سەروەری یاسا و بەدامەزراوەیی کردنی سیستمی حوکمرانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی چەند سەروەرییەکن کە بە شانازییەوە داکۆکیمان لێکردون. هەر لەو پێناوەشدا روبەروی چەندین ئاستەنگ و کێشمەکێشی سیاسی و گیروگرفت بوینەتەوە، بەڵام سەربەرزانە سوربوین لەسەر جێبەجێکردنیان.
بەرنامەو پەیامی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن لە پێناوی خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکدا بوە، ئاواش بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بوە لە مافی چارەی خۆنوسین و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری پتەو و چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ.
لە ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن بونماندا لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانو کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان چەندین پاکێجی هاوبەش و کاری بەیەکەوەییمان کرد بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. هەروەها رێککەوتننامەی (17) ئایاری نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەنگاوێکی دیکەیە لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و بەرەوپێشبردنی ئەزمونەکەمان. ناوەڕۆکی ئەو رێکەوتننامەیە جەختکردنە لەسەر داخوازییە رەواکانی خەڵک و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییانو بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانیو نەتەوەییەکان.
ئەمرۆ کوردستانو ناوچەکە لەبەردەم پێشهاتو ئاڵنگاری گەورەدایە. ئەمەش وامان لێدەکات داوا بکەین هەمو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا بکەن و سەروەری یاسا و گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانی کوردستان و بەیەکەوە کارکردن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی گونجاو بکەینە ئەرکی نیشتیمانیی لەپێشینەی هەمو هێزە سیاسییەکانی کوردستان.
لە کۆتاییدا، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەسەر بەرنامەی سیاسیو بەڵێنەکانمان بەردەوام دەبینو پشت ئەستورین بە پشتیوانی گەلەکەمانو رەوایی داواکارییەکانمان.
بزوتنەوەی گۆڕان
2016/7/25