ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: بارودۆخەکە ئەرێنییە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تورکیا شەش مەرجی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێشنیاز کردووە، لە نێویاندا کشاندەوەی دووەم سکاڵای حکومەتی عێراق لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس. دەشڵێت، بارودۆخەکە ئەرێنییە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "سەباح"ـی راگەیاند، ئەو شاندەی تورکیا کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و بۆ ماوەی چوار رۆژ مانەوە؛ شەش مەرجی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پێشنیازکردووە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز، شاندی تورکیا داوای 13 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەکو تێچووی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە کردووە، هاوکات داوای کشاندنەوەی دووەم سکاڵای حکومەتی عێراقی لە دادگای نێوبژوانی نێودەوڵەتی کردووە، کە لە دژیان تۆمارکراوە و تێیدا داوا لە ئەنقەرە دەکرێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020.
وەکو ئەوەی سەباح سوبحی ئاماژەی پێداوە، شاندەکەی تورکیا لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە بەرامبەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، داوای شایستە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکانیان کردووە، بەشێوەیەک 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی پێ دا، هاوکات لەگەڵ ئەم سێ مەرجە، شاندەکەی تورکیا سێ مەرجی دیکەی لە بەرامبەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر پێشنیازکردووە و گفتوگۆکان بەردەوامییان هەیە.
سەباح سوبحی پێیوایە بارودۆخەکە ئەرێنییە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە، بە تایبەت بەهۆی ئەو فشارە ئابوورییەی لەسەر حکومەتی تورکیا هەیە، کە رێگەیان پێدەدات، سازش بکەن بۆ سوود وەرگرتن لەو شایستە داراییانەی لە ئەنجامی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستیان دەکەوێت.
کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لە بەغدا
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هابەوشیان بەست.
بەیانی رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە کۆشکی سەلام لە بەغدا و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان بە سەرۆککۆماری راگەیاند، چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق بکات و ئەردۆغانیش "سوورە لەسەر سەردانیکردنی عێراق".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی و حزبی کۆبووەوە.
سەردانی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا؛ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر. سەردانەکەی هاکان فیدان وەکو ئامادەکارییەک بوو، بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی و نوێنەرانی بەرەی تورکمانی لە هەرێم کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی نێوانیان؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هابەشیان بەست. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کردووە.
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کردووە، لەوانە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق بە تایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتی چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بتوانن بەپێی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.
له 25ی ئاداری رابردووهوه تا ئێستا ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركیا وهستاوه، به گوێرهی رێككهوتنی نێوان ههولێر و بهغدا، پێویسته ههرێمی كوردستان رۆژانه 400 ههزار بهرمیل نهوت رادهستی سۆمۆ بكات، لهبهرامبهردا شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان لهلایهن بهغداوه دابینبكرێت.