سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی سووریا دەکەن

جۆ ویلسۆن، ڤیکتۆریا سپارتز و دین فیلیپس
جۆ ویلسۆن، ڤیکتۆریا سپارتز و دین فیلیپس

K24 - هەولێر

سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە، سەردانێکیان بۆ ناوچەیەکی باکووری سووریا ئەنجامداوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا دایە.

جۆ ویلسۆن، ڤیکتۆریا سپارتز و دین فیلیپس ئەو سێ کەسەن کە سەردانی نەخۆشخانەیەکیان کردووە لە شاری ئیعزاز لە پارێزگای حەلەب، کە لە تورکیاوە لە رێگەی دەروازەی سنووری باب سەلامەوە هاتبوون.

یاسر ئەلحەجی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە حکوومەتی کاتی سەر بە تورکیا، گوتی: ئامانجی سەردانەکە بینینی ناوچە ئازادکراوەکانە. دەشڵێت: ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەسەردانەکەیاندا چاویان بە منداڵانی بێ باوک کەوتووە، دواتر  سەردانەکە بە هۆکاری ئەمنی کورت کرایەوە.

دەستەی تەحریر شام نزیکەی نیوەی رووبەری پارێزگای ئیدلب و ناوچەکانی تەنیشت لە پارێزگاکانی حەلەب و لازقیە و حەمای کۆنترۆڵکردووە.

هەروەها کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەش هەن کە کەمتر کاریگەرن، کە تورکیا بە پلەی جیاواز پشتیوانییان لێدەکات.

بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا کە "بۆ ئەوەی مشتومڕ لە ئەمەریکا دروست نەکەن، نەچوونەتە جێندیرێس، لەو ناوچانەی کە دەستەی تەحریر شام کۆنتڕۆڵیان کردووە".

گوتیشی، "ئەندامانی کۆنگرێس ویستوویانە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی حکومەتی کاتی بکەن، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی باب ئەلسەلامەوە لەبری باب ئەلهەوا" کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە .

جۆ ویلسۆن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "ئەوانەی بەدوای ئاساییکردنەوە و مانگرتن لەگەڵ سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد مامەڵە دەکەن، ئەوە مامەڵە لەگەڵ خودی مردن دەکەن".

ویلسۆن پشتیوانی خۆشی بۆ ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەتی سووریا لە باشووری وڵاتەکەدا دەربڕی.

باسی لەوەشکرد، ناڕەزایەتییەکان ئیلهامبەخشن بۆ جیهان و نیشان دەدەن کە هیچ داهاتوو و سەقامگیرییەک بۆ سووریا لەژێر دەستی رژێمی ئەسەد دانییە.

رۆژی یەکشەممە، نوێنەرانی ئەمەریکا لە ئیدلب لەگەڵ بەڕێوەبەری رێکخراوی "کڵاو سپییەکان"، بەرگری شارستانی رائید ساڵح کۆبونەوە.