له كڵێسایه‌كی فه‌ڕه‌نسا ژماره‌یه‌ك كه‌س به بارمته گیران
دوو چه‌كدار هێرشیانكردووه
K24 - هه‌ولێر:
دوو كه‌س به چه‌قۆ هێرشیانكرده سه‌ركڵێسایه‌ك له شاری " سانت ئیتیان دوروڤری" باكوری فه‌ڕه‌نسا و ژماره‌یه‌ك كه‌سیان له‌ناو كڵێساكه‌دا به بارمته گرت.
پۆلیسی فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاندووه" هێرشكه‌ره‌كان چه‌قۆیانپێبووه و "6" كه‌سیان له‌ناو كڵێسای "سانت ئیتیان" له باكوری فه‌ڕه‌نسادا وه‌ك بارمته ده‌ستبه‌سه‌ر كرد بوو، كه دووان له‌و كه‌سانه ڕاهیبه بوون، به‌پێی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان له‌كاتی چوونه ژووره‌وه‌ی پۆلیس بۆ كڵێساكه و كۆنترۆڵكردنی بارودۆخه‌كه یه‌كێك له بارمته‌كان له‌لایه‌ن ڕفێنه‌ره‌كانه‌وه كوژراوه.
سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه پۆلیس چوونه‌ته ناو كڵێساكه‌وه و بارمته‌كانیان ئازاد كردووه و دوو ڕفێنه‌ره‌كه‌یان ده‌ستگیر كردووه، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه ئاماژه به كوژرانی هه‌ر دوو ڕفێنه‌ره‌كه ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌ی لۆفیگارۆی فه‌ڕه‌نسی ڕایگه‌یاندووه كه ڕفێنه‌ره‌كان "قه‌شه" ی كڵێساكه‌یان سه‌ربڕیووه و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان بریندار كردووه.به‌پێی دواین زانیاری كۆشكی ئه‌لیزێ ڕایگه‌یاندووه كه " فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا" ده‌چێته باكوری وڵات و سه‌ردانی شوێنی ڕووداوه‌كه ده‌كات.
پۆلیسی فه‌ڕه‌نسیش ڕایگه‌یاندووه به ته‌واوی كۆنترۆڵی ڕه‌وشه‌كه كراوه و كێشه‌كه كۆتاییهاتووه.