شارێکی چین پاکێجێکی هاوکاری بۆ گەنجان دابین دەکات تاوەکو هاوسەرگیری بکەن

K24 - هەولێر
شارێک لە رۆژهەڵاتی چین پاداشتێک بەبڕی هەزار یوان کە دەکاتە 137 دۆلار پێشکەشی هەریەک لەو هاوسەرانە دەکات، کە لەتەمەنی 25 ساڵی یان کەمتر هاوسەرگیری دەکەن. ئەمەش لە نوێترین هەنگاوەکانی هاندانی گەنجانە بۆ هاوسەرگیری کردن.
شاری چانگشان لە چین، لەسەر ماڵپەڕی خۆی رێکلامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئەو خەڵاتە بۆ هاندانی هاوسەرگیری کردن و منداڵبوونە لە تەمەنێکی گونجاودا، هەروەها پاکێجەکە چاودێری کردن و پەوەردەی منداڵەکانیش لەخۆ دەگرێت.
هاندانەکە لەئەنجامی ئەو نیگەرانییانەوە دێت، کە رێژەی دانیشتووان لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، هەروەها هاووڵاتیانی بەتەمەنی زۆر بووە، بۆیە بەرپرسانی وڵات بەدوای رێوشوێنی بەپەلە دەگەڕێن بۆ زیادکردنی رێژەی دانیشتووان، لەوانەش دابینکردنی هاندانێکی دارایی و چاککردنی چاودێری منداڵان.
کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریکردن لە چین بۆ کوڕ 22 ساڵە و بۆ کچ 20 ساڵە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەکەن زۆر روو لەکەمییە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون.
بەپێی ئەو داتایانەی کە حکومەتی چین لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی 2022 رێژەی هاوسەرگیریکردن 6.8 ملیۆن کەس بووە، کە ئەمە کەمترین رێژەیە لەساڵی 1986 ەوە تۆمارکراوە.