فوئاد حوسێن و نەوشیروان مستەفا جارێكی دیكە كۆدەبنەوە

K24 – ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ جارێكی دیكە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە و كەشی كۆبوونەوەكان ئیجابییە".

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد: "فوئاد حوسێن بە جیا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەتەوە".

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە لایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان راسپێردراوە، تا ئێستا لەگەڵ سەركردەكانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان كۆبووەتەوە، دوێنێش بە مەبەستی گفتوگۆكردن بۆ چارەسەری دۆخی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ  كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەلا بەختیار لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، ھەروەھا بڕیارە ئەمڕۆ درێژە بە گفتوگۆكانیان بدەن بە ئامانجی گەیشتن بە رێگەچارەیەك بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان.