دێرەزوور.. بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و چەکدارانی هۆزەکان 25 کەس کوژران

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، لە رووبەرووبونەوەیەکی چەکداریدا لەنێوان هێزەکانی سووریا دیموکرات و چەکدارانی هۆزەکانی دێرەزوور 25 کەس کوژران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، "ئێوارەی سێشەممە لە شارۆچکەکانی ئەلعەزبا و ئەلحەریجییە لە لادێکانی دێرەزوور، پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی هۆزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و هەسەدە رووویدا، لەئەنجامدا سێ چەکداری هەسەدە کوژراون".

هاوکات لەگەڵ ناکۆکییە بەردەوامەکانی چەند ناوچەیەک، ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو ئۆتۆمبێلی میلیشیای بەرگریی نیشتمانییان لە دەروازەی سەلحیە کردە ئامانج و یەکێکیان تەقێنرایەوە.

روانگە بڵاویکردەوە، کە خەڵکی سڤیل بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی شارۆچکەی ئەلعزبا هەڵاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور و ئەندامانی بەشێک لە هۆزەکان بە دۆشکە خاڵێکی سەربازی و بارەگایەکی پۆلیسی سەربازیی هەسەدەیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی دێرەزور کردە ئامانج.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، هەندێکی دیکە بارەگای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوپای هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، هەروەها کۆنترۆڵی دوو خاڵی سەربازییان لە نزیک بارەگاکەدا کرد.

بەم شێوەیە ژمارەی قوربانیانی شەڕ و پێکدادانەکان کە لە یەکشەممە 27ی ئاب سەری هەڵداوە، بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە، کە سێ کەسی سڤیل دوو کچ و ژنێک، هەروەها  16 چەکداری هۆزەکان و شەش چەکداری هەسەدە کوژراون، هەروەها  15 کەسیش بریندار بوون.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانی کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەسەدە، توانیان بەشێک لە شارۆچکەی ئەلعەزبا لە باکووری دێرەزوور کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

ئەم پێکدادانانە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و سەرکردە سەربازییەکانی دیکەی دەستگیرکرد.

Fly Erbil Advertisment