پارتى: پێويسته‌ يه‌كێتى راى خۆى ئاشكرا بكات

پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند، پێويسته‌ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان به‌ ره‌سمى راى خۆى له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ستراتيژى رابگه‌يه‌نێت.

K24 – هه‌ولێر:

پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند، پێويسته‌ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان به‌ ره‌سمى راى خۆى له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ستراتيژى رابگه‌يه‌نێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌، گوته‌بێژی ره‌سمى پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌حمود محه‌ممه‌د به‌ سايتى ره‌سمى پارتى، رایگه‌یاند، مانه‌وه‌ و پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه‌وه‌، بابه‌تێكه‌ (مه‌تروكه‌) بۆ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ئینجا چ بڕیارێكی لێ بده‌ن، پێویسته‌ راى ره‌سمیى خۆیان به‌ پارتی و خه‌ڵكى كوردستانیش رابگه‌یه‌نن.

مه‌حموود محه‌ممه‌د گوتيشى: "ئاگاداری لێدوانه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانى كادیر و ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانین له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژیى نێوان پارتی و یه‌كێتى، به‌شێكیان باس له‌ مانه‌وه‌ و پابه‌ندبوون به‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان به‌هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن".

گوته‌بێژی ره‌سمى پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ''هێشتا نه‌ به‌ نووسراو نه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانماندا برایانى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان باسیان له‌ پابه‌ندنه‌بوونیان یاخود هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌كردووه‌؛ ئێمه‌ش له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌مان به‌ سوودى گه‌لى كودرستان زانیوه‌ ، له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كاندا و له‌ یه‌كڕیزى و ته‌باییى نێوخۆییدا رۆڵى گرنگ و به‌رچاوى هه‌بووه‌".

هاوكات رایگه‌یاند، "ئه‌و بابه‌ته‌ (مه‌تروكه‌) بۆ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی نێوانمان، ئینجا راى ره‌سمى خۆیان به‌ ئێمه‌ش و خه‌ڵكى كوردستانیش رابگه‌یه‌نن''.