قوە جەوییە بڕیاریدا یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە هەولێرەوە بگوازێتەوە قەتەر

لۆگۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە
لۆگۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە

یانەی قوە جەوییە بڕیاریدا یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەهۆی نەبوونی سیستەمی ڤار لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێرەوە بگوازێتەوە قەتەر.

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رەتیکردەوە رێگا بە یانەی قوە جەوییە بدات یارییەکانی لە بەسرە بەڕێوە بچن، یانەکەی بەغدا بەهۆی نەبوونی سیستەمی ڤار کە یەکێکە لە مەرجەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بڕیاریدا یارییەکانی بگوازێتەوە قەتەر.

بەهۆی ئەوەی تەنیا 15 رۆژ لە بەردەم قوە جەوییە ماوە بۆ ئەوەی یاریگای خۆی یەکلا بکاتەوە و بەو ماوە کەمە ناتوانن پێداویستییەکانی سیستەمی ڤار لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری جێبەجێ بکەن، یانەکەی بەغدا بڕیاریدا یارییەکانی بگوازێتەوە قەتەر و لەوێ میوانداریی یانەکان بکات.

قوە جەوییە لە کۆمەڵەی سێیەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا هاوشانی ئیتیحادی سعوودی و ئەجمەکی ئۆزباکی و سێپاهانی ئێرانی یاریی دەکات، رۆژی 18ـی ئەم مانگە قوە جەوییە لە یاریگای خۆی لە یەکەمین یاریی میوانداریی سێپاهانی ئێرانی دەکات.

Fly Erbil Advertisment