ده‌میرتاش داواكارییه‌ك پێشكه‌شی حكوومه‌ت و په‌كه‌كه ده‌كات
باسی زاوای ئه‌ردۆغان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
هاوسه‌رۆكی پارتی گه‌لانی دیموكراتیك HDP داوا له حكوومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه ده‌كات بگه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ر مێزی دانوستان كه توركیا، توركیای پێش 15 ته‌موز نییه و پێویسته هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رده‌می نوێ بكرێت.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی فراكسیۆنی هه‌ده‌په داوای كۆتاییهێنان به گوشه‌گیری ئۆجه‌لان له ئیمرالی كرد و رایگه‌یاند سه‌رۆك وه‌زیران گوتی كوده‌تاچییه‌كان ویستیان ئیمرالی بۆردومان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕی ناوخۆیی روو بدات، به‌ڵام ئێوه رێگه ناده‌ن پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان سه‌ردانی بكه‌ن و خه‌ڵك ئاگاداری ره‌وشی ته‌ندروستی ببێت.
سه‌باره‌ت به پارێزبه‌ند كردنی سوپا به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌كانیان، گوتی له رۆژی 14 ته‌موز، رۆژی به‌ر له كوده‌تا، پارێزبه‌ندی سه‌ربازان په‌سندكرا، گوتیان سوپا كوده‌تا ناكه‌ت، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی ئه‌م پارێزبه‌ندییه‌دا كوده‌تای كرد، ئێستا كه ئه‌و فڕۆكه‌وانه دادگایی ده‌كه‌ن كه بینای په‌رله‌مانیان بۆردومان كرد، بۆ ئه‌وانه‌شی دادگایی ناكه‌ن كه شاره‌كانی جزیره و نسیبینان بۆردومان كرد.
له به‌شێكی تر دا گوتی كه‌سانی ناو ئاكه‌په ئاگاداری كوده‌تا بوون. میت كاتژمێر 16:00 زانی كه كوده‌تا ده‌كرێت، سه‌رۆك كۆمار ده‌ڵێت ئاگام لێ نه‌بوو، له زاواكه‌م بیست. پێویسته زاواكه‌ی بكاته راوێژكاری میت، یان راوێژكاری میت روونكردنه‌وه بدات. شتێكی سه‌یر له‌م ناوه‌نده دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه بكرێت، له‌ناو ئاكه‌په‌دا كه‌سانێك ئاشكرا ده‌بن كه ئاگاداری كوده‌تا بوونه.