وەزارەتی شارەوانی: تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە ساڵانە 550 ملیار دینارە

ئاو
ئاو

K24 - هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواز رایدەگەیەنێت، تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 550 ملیار دینار.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانه‌ 2 ملیۆن و 784 هه‌زار و 606  مه‌تر سێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەم دەهێندرێت و دەگەیەندرێتە‌ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان."

ئاماژە بەوەش کراوە: نزیكەی 81 پرۆژه‌ی ئاوی خواردنەوە له‌سه‌ر ڕووباره‌كان هه‌یه‌. هەروەها زیاتر لە 5 هه‌زار و 787 بیری ئاویش هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە ئاوی ژێرزەوی و بایەخدان بە پرۆژەكانی ئاوی سەرزەوی، بە پلان كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی بیرەكان و بایەخدان بە پرۆژە گەورەكان.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ سه‌دان هه‌زار لیتر ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ ماڵان له‌ ناوچه‌ دوورەده‌سته‌كان و گونده‌كان دابین ده‌كرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوەش دەدات: تێچووی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی ئاوی خاوێن بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ساڵانه‌ زیاتر له‌ 550 ملیار دینار لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت.