وەزیری تەندروستی: 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی نەخۆشی کۆلێرا هەیە
K24 - هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی تووشبووی نەخۆشی کۆلێرا هەیە، هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکەش ئاوی خواردنەوەیە، هۆکارەکانی دیکەش وەکو سەوزەوات و خواردن و خۆراکە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند، نەخۆشی کۆلێرا لەو ناوچەیەی ئێمە کە بە ئیندیمیک دەناسرێت واتە (ناوچەیەکە هەڵگری ڤایرۆسی کۆلێرایە)، ئەمەش پەیوەندی بە چەندین کێشە و گرفت هەیە، کە دەرئەنجامەکەی بۆلایەنی تەندروستی دێت تاوەکو چارەسەر بکرێت.
گوتیشی: کۆلێرا دەرئەنجامە هۆکار نییە، دەرئەنجامی چەند گرفتێکە، کە ئەم گرفتانە لە ژێرخانی ئاوەڕۆکان و سەرچاوەی ئاوی پاک و خواردنەوە لە گەڕەکەکان و شوێنەکاندا هەیە، وەزارەتی تەندروستیش هەموو ساڵێک لەمانگی شەشەوە ئامادەکاری بۆ حاڵەتەکانی سکچوون دەکات، هەروەها کۆمەڵێک رێکاریش دەگرێتە بەر.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی کۆلێرا هەیە، کە دەستنیشان کراوە لە لایەن تاقیگەکانی تەندروستی سلێمانی و هەولێر، هەروەها دڵنیابوونەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەشڵێت، کولێرا پێشبینکراو بوو، ماناشی ئەوەنییە تەنها ئەو 117 حالەتی تووشبووە لەم شارەدا هەیە، بەڵکو ژمارەییەکی زیاتر تووشبوو هەیە، چونکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، حاڵەتەکانی سکچوون لە 10% تاوەکو 20%، لەرووی پەتای زیانییەوە بۆ تاقیگەکان وەردەگیرێت، هەروەها هەندێکجاریش حاڵەتی کۆلێرا هەڵگری ئەو بەکتریایە و هیچ نیشانەشی نیە.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، نزیکەی 20%ـی دانیشتووانی شاری سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمی نییە، ژمارەیەک گەڕەکیش بۆ دابین کردنی ئاو بەهۆی تانکەر و شەمعەکانەوەیە، تەنها 60 شەمع بە فەرمی کلۆری تێدەکرێت، زۆرجار تانکەرەکانیش لە سەرچاوەی نافەرمی ئاو بۆ هاووڵاتییان دێنن. بەهۆی فراوان بوونی ژمارەی دانیشتووان زۆری ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون زیادبوونی سیتییەکان کە سەرچاوەی ئاوی فەرمییان نیە.
بۆیە دوای دیراسەکردنی وورد بۆمان دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە ئاوی خواردنەوەیە، هۆکارەکانی دیکەش سەوزەوات و خواردن و خۆراکە، کە ئەمانەش لەلایەن وەزارەتی تەندرووستیەوە چاودێری دەکرێت.