کۆنگرێسمان ئاندی ئۆگڵاس: لە نەناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانین
K24 – ناشڤیل:
کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لە هەژموونی ئێران لە عێراق و نەناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانن و بە پێویستی زانی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد بەردەوام بێت و هاوشێوەی پێشتر پشتیوانیان لێبکات.
رۆژی هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023)، ئاندی ئۆگڵاس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، " گرنگە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردەکان بەردەوامبێت و هاوشێوەی رابردوو پشتیوانیان لێبکەین، لەبارەی هەژموونی ئێران و ئابڵۆقەکانی ئێستا و پڕۆسەی بودجە نیگەرانم".
ئەو کۆنگرێسمانە ئەمەریکییە لەبارەی هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، "لیکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەوبارەیەوە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم ئێمە لە کۆنگرێس دەتوانین چی بکەین تا هەرێمەکە لە گەشەسەندن بەردەوام بێت".
ئاندی ئۆگڵاس باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا پشتیوانی لە دیموکراسییەت و ئازادی لە هەموو جیهان دەکات، بە کوردستانیشەوە، کار لەسەر ئەوە دەکەین چۆن پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین، هەروەها دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قهرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.