ئاماری کۆلێرا لە هەولێر ئاشکراکرا

K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، 10 حاڵەتی کۆلێرا لە هەولێر پشتڕاستکراوەتەوە.
سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "نهخۆشی كۆلێرا یەکەمجار نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت، ناوچەکە بە گشتی ناسراوە بە بوونی بەکتیرای کۆلێرا، كێشهیهكه و هۆكارهكانی زۆرن".
گوتیشی: "راستە حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی زۆرە، بەڵام له ههولێر و گهرمیانیش حاڵهتی تووشبوون به كۆلێرا ههیه، له ههولێر 10 حاڵهتی پشتڕاستكراوهی كۆلێرا تۆماركراون، نەخۆشییەکە گوازراوەیە و ئەگەر لە شارێک هەبێت لە شارەکانی دیکەش بڵاودەبێتەوە، واتا ئەگەر لە سلێمانی هەبێت لە هەولێر و لە دهۆکیش بڵاودەبێتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندبوو، کە نەخۆشی کۆلێرا لە سنووری سلێمانی بڵاوبووەتەوە و چەند رێنماییەکیشیان بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.
رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:
1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.
2- سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.
3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.
4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.
5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن ڕاگرتنی.
6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.
7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.
8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.