گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کوردستان24: بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بە دەست تورکیایە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و بڕیارەکە ئێستا بەدەست تورکیایە. دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگەی تورکیادایە. دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن."
رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئابی 2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، "دوای پشکنین و چاککردنەوەی بەشێكی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا کە دوای بوومەلەرزەکان لە 6ی شوباتی 2023 زیانی بەرکەتبوو، گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و تورکیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێویستە گفتوگۆکان بەردەوامییان هەبێت". لەبارەی ئەگەری دووبارە کۆبوونەوەی هەردوو شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و نەوتی تورکیاش، عاسم جیهاد گوتی: "تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دووبارە کۆبوونەوەی هەردوو شاندەکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دیارینەکراوە".
لەبارەی ئەو سکاڵایەی تورکیا کە وەکو دەگوترێت لە دادگای نیویۆرک لە دژی عێراق تۆماریکردووە، عاسم جیهاد دەڵێت: "مافی ئەو لایەنانەیە کە بەهۆی راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە سکاڵا لە دژی لایەنەکانی دیکە تۆماربکەن. چۆن عێراق مافی هەیە سکاڵا لە دژی تورکیا تۆماربکات، تورکیاش بەهەمان شێوە ئەگەر بە مافی خۆی دەزانێت، دەتوانێت سکاڵامان لەسەر تۆماربکات، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ دادگایەکەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە ئەنقەرە سکاڵایەکی لە دژی بەغدا تۆمارکردووە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە "50 هەزار بەرمیل نەوت" رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، "بەڵام کێشەی ئێستامان راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و هیوادارین بەمزووانە دووبارە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕی نەوتی جیهانی کەم دەکات، ئەمەش زیانی بۆ هەمووان هەیە."